عێراق هەنگاوی دیپلۆماسی لەدژی پێشێلکارییەکانی تورکیا دەستپێدەکات

پەیامی ناڕەزایەتی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەنێرێت

K24 - هەولێر

عێراق دەستی بە هەنگاوی دیپلۆماسی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و، چاوەڕێیە هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی تووند لەدژی تورکیا بنوێنرێت.

عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دوێنێ (چوارشەممە، 19-8-2020) ئاشکرای کرد، عێراق دەستی بە هەنگاوی دیپلۆماسی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا.

عەزاوی بە میدیاکانی عێراقی گوت "هێرشەکانی تورکیا لە باکووری عێراق رەتدەکەینەوە، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک عێراقی لەماوەی رابردوودا. ئەوەی روودەدات چالاکیی دوژمنکارانە، پێشێلکاری و هەڵچوونێکی زۆر ترسناکە".

بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان "عێراق، پەیامی تووندی ناڕەزایی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناردووە، بۆ ئەوەی ئەو راستییە روونبکاتەوە؛ ئەوەی تورکیا دەیکات لە پێشێلکارییەکان، قبوڵکراو نییە".

تورکیا ماوەیەکە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە، لەڕیگەی ئاسمان و زەمینییەوە هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەڵام لەو نێوەندەدا چەند هاووڵاتییەک شەهید بوون، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکان زیانێکی زۆریان بە ئابووریی ناوچەکە گەیاندووە و بوونەتە هۆی چۆڵکردنی چەندین گوندی سنووریی هەرێمی کوردستان.

عێراق بەگوتەی عەزاوی "چاوەڕوانە هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەوەی هێزەکانی تورکیا دەیکەن، تووند بێت".

 

هـ.ر.