دۆناڵد ترەمپ: شەڕی عێراق خراپترین بڕیارە لە مێژووی ئەمریکا

"ئێمە لەو جەنگە بێکۆتایانە دەچینە دەرەوە، ئەو جەنگە بێمانا و بێکۆتایانە"

K24 - واشنتن

سەرۆکی ئەمەریکا پێش کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە چوونی هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق "خراپترین بڕیار بووە لە مێژووی ئەمەریکا".

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ (چوارشەممە، 19-8-2020) کاتێک پرسیاری لەبارەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکرا رایگەیاند: "من زۆر باش لەگەڵ ئەو پیاوە دەسازێم"، ئاشکراشی کرد لە ماوەیەکی کەمدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق دەچنە دەرەوە.

هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2003ـدا بۆ لەنێوبردنی رژێمی بەعس، عێراقیان داگیرکرد و لەو کاتەشەوە بەشێکیان لە عێراق ماونەتەوە، بەڵام ترمپ بڕیاریداوە هەموو هێزەکانی بکشێنێتەوە.

ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ و مستەفا کازمی لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە و گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکەش، بڕیاردانە لەبارەی چارەنووسی 5000 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، ترەمپ لە کۆنفرانسەکەدا گوتی "ئێمە زۆربەی هێزەکانمان لە عێراق چووەتە دەرەوە، تەنیا ژمارەیەکی کەم سەربازمان هێشتووەتەوە. من، گوتوومە ئێمە لەو جەنگە بێکۆتایانە دەچینە دەرەوە، ئەو جەنگە بێمانا و بێکۆتایانە. هەر لەسەرەتاوە نەدەبوو لەوێ بوواین. پێموایە ئەوە خراپترین بڕیاربووە لە مێژووی وڵاتەکەمان دراوە، بەڵام بەخێرایی لەماوەی سێ ساڵدا لێی دەردەچین. زۆر کەس رازین و زۆریش ناڕازین لە چوونەدەرەوەمان، بەڵام پێموایە زۆربەی خەڵک هاوڕان لەگەڵ چوونەدەرەوەمان".