پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سنووری شیلادزێ کەوتنەخوارەوە

هیچ زەبرێکی دەرەکیان پێوە دیار نەبووە

 K24 - شیلادزێ

بەیانیی ئەمڕۆ پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیک دوو گوندی سنووری ناحیەی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یەکێکیان لە گوندی باوان و ئەوەی دیکە لە گوندی دێوکێ کەوتوون، سێی دیکەیان لەنزیک گوندی دێوکێ کەوتوون و هیچ ئاسەواریکی بەرکەوتن و زەبریان پێوە دیار نییە.

شیمال بەرچی، پەیامنێری کوردستان24 لە سنوورەکەوە رایگەیاند "هەتاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو فڕۆکانە سەر بە چ لایەکن، بەڵام هەندێک لە خەڵکی گوندەکان دەڵێن فڕۆکەی تورکین، هەندێکی دیکەشیان دەڵێن رەنگە فڕۆکەی پەکەکە بن".

چەندین هەفتەیە بارەگاکانی پەکەکە لەلایەن تورکیاوە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکرێن و لە چیای کوڕەژار کە بەسەر شیلادزێ دەڕوانێت، بۆردوومان هەبووە، بەڵام تائێستا فڕۆکەکانی تورکیا لەنزیک ئەو دوو گوندە بۆردوومانیان نەکردووە.

پەیامنێرەکەی کوردستان24 هەروەها دەڵێ، ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەن و ئەوان گوتوویانە رەنگە بەهۆی کێشەی تەکنیکی، ئەو فڕۆکانە کەوتبنە خوارەوە، لەنزیک یەکێک لە فڕۆکەکانیش گوللـە هاوەنێک دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت بە فڕۆکەکەوە بەسترابێتەوە.