ژنێک لە کەرکووک خۆی دەسووتێنێت؛ "خەسووی چەرخەکەی داوەتە دەستی"

کوردستان24 تۆماری دەنگییەکەی پێش مردنی، بڵاودەکاتەوە
kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

ژنێکی تەمەن 18 ساڵ لە کەرکووک، کە ژنی سێیەمی پیاوێکە، دوای ئەوەی هاوسەر و خەسووی لێیدەدەن، خۆی دەسووتێنێت، دایکی ژنەکە دەڵێ "خەسووی چەرخەکەی داوەتە دەستی".

سەراب محەممەد، تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بوو کاتێک ساڵی رابردوو هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەحمەد کرد، بەبێ ئەوەی خۆی ئاگادار بێت، باوکی ئەحمەد کە هاوڕێی باوکی بووە، چووەتە خوازبێنی و باوکیشی کچەکەی پێشکەش کردوون.

 ئەحمەد، پێشتر دووجار هاوسەرگیریی کردووە، بەڵام لە هەردووکیان جیابووەتەوە. سەرابیش کە تەنیا نۆ مانگ بوو هاوسەرگیریی لەگەڵ کردبوو، پێنج رۆژ پێش ئێستا لە ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی حوزەیرانی کەرکووک، خۆی سووتاند و هەر ئەو رۆژەش بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی لەدەستدا.

لە تۆمارێکی دەنگیدا، سەراب قسە دەکات و کەمێک پێش مردنی شاهێدی لەبارەی چۆنییەتی خۆسووتاندنی دەدات. تۆمارە دەنگییەکە لەلایەن برای سەراب تۆمارکراوە و لەلایەن دایکییەوە بەتایبەت بۆ کوردستان24 نێردراوە.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەنگی سەراب دەبیسترێت، بە ئەستەم قسە دەکات و دەڵێ "ئەحمەد لێمیدا.. دەڕوا ژن دەهێنێت... دایکی گوتی بڕۆ ژن بهێنە"، کاتێکیش براکەی دەپرسێت کێ پێی گوتی خۆت بسووتێنە؟، لە وەڵامدا دەڵێ "دایکی".

دایک و باوکە جگەرسووتاوەکەی سەراب، دەڵێن کچەکەیان جلوبەرگی لەبەردا نەبووە کە خۆی سووتاندووە، "ئەو رۆژە لەلایەن مێردەکەی و خەسوویەوە لێی دراوە، کاتیکیش هەڕەشەی خۆسووتاندنی کردووە و نەوتی بەخۆیدا کردووە، خەسووی خۆی چەرخەکەی داوەتە دەستی تاوەکو خۆی بسووتێنێت".

هەر هەمان رۆژی خۆسووتاندن و گیانلەدەستدانی سەراب، خێزانەکەی سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام دەڵێن بەهۆی ئەوەی زاواکەیان لە حەشدی شەعبییە، رێگە نەدراوە کەیسەکە بەوشێوەیە ئاشکرا بکرێت، تاوەکو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکرایەوە. 

هـ.ر.