بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک: لە ئاڵۆزییەکانی زاخۆ 61 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون

"ئەمە پیلان بووە و زۆربەی دەستگیرکراوەکان چەکیان پێ بووە"

K24 - دهۆک

شەوی رابردوو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، لەدوای گردبوونەوەی ژمارەیەک شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، ئاڵۆزی لە دەروازەکە و زاخۆ دروست بوو. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆکیش لەڕێگەی کوردستان24 ئاشکرای دەکات 61 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون، دەشڵێ "ئەمە پیلان بووە و دەستێکی دەرەکیی لەپشت بووە".

لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک چۆنییەتی دەستپێکردنی رووداوەکانی شەوی رابردووی باس کرد و بە کوردستان24ـی راگەیاند: "سەرەتا ژمارەیەک شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی داخوازییەکانی خۆیان بگەیەننە بەرپرسان، دەزگای ئەمنی لەوێ ئامادەبوون، دانووستاندنیان لەگەڵ ئەو شۆفێرانە کردووە بۆ ئەوەی بزانن داخوازییەکانیان چین و بۆچی بەو شەوە و لەو کاتەدا گردبوونەتەوە و لەڕێگەی سەندیکا داواکانی خۆیان نەگەیاندووە تەقەیان لێکراوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک باس لەوە دەکات "لەکاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی ئەو دانوستانە بوون لەگەڵ شۆفێرەکان، لە دوورەوە تەقە لە پۆلیسەکان و شوێنی خۆپیشاندانەکە کراوە، دووجار تەقەکراوە و لەو کاتەشدا وەکو پلانێک، لە چەند شوێنێکی دیکە تەقە کراوە، ئۆتۆمبێلی خەڵک شکێنراوە و، ئاژاوە دروستبووە".

هێزە ئەمنییەکان 18 کەسیان دەستگیرکردووە. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەڵێ لەو کەسانەی دەستگیریان کردوون "تەنیا چواریان شۆفێر بوون، ئەوانەی دیکە هیچ پەیوەندییان بە شۆفێرەکانەوە نەبووە و ژمارەیەکیان چەکیان بەدەستەوە بووە، بۆیە ئێمە دەڵێین دەستی دەرەکی لەپشت ئەو خۆپیشاندانەوە بووە، ئەو دەستە دەرەکییەش هیچ پەیوەندییەکی بە شۆفێران و تەنانەت زاخۆ و دهۆکیشەوە نییە".

61 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە

بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەهۆی ئەو ئاژاوەوە زیانێکی زۆر هەبووە، 61 کەسی ئەمنی وەکو: پۆلیس، ئاسایش و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بریندارکراون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەندێکی دیکەش بریندار بوون و نەچوونەتەنە نەخۆشخانە".

لە ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی زاخۆدا، هەروەها چوار هاووڵاتی بریندار بوون. لیوای مافپەروەر، تارق ئەحمەد دەڵێ لەو بریندارانە "یەکێکیان منداڵە. هەروەها دوو لە بریندارەکان چەکیان بەدەستەوە گیراوە".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک دڵنیایی دا لەوەی "ئێستا رەوشی زاخۆ ئارامە، سنووری ئیبراهیم خەلیل بازرگانیی لێ بەردەوامە و هیچ کێشەیەک نییە".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: "26 ئۆتۆمبێلی ئێمە، هی ئاسایش و پۆلیس و فریاگوزاری زیانیان بەرکەوتووە، هەندێکیان هیچ جامیان پێوە نەماوە، هەندێکیان گوللـەیان بەرکەوتووە، ئەمە پیلان بووە و داڕێژراوە، چونکە ناچێتە ئەقڵەوە لەکاتێکدا ئەو شۆفێرانە بۆ داواکاریی خۆیان گردبوونەتەوە، لە هەمان کاتدا لە چەند شوێنێکی دیکە گوللـە تەقێنراوە".