حه‌سه‌كه‌ تێنوویه‌تی

لە حەسەکە قەیرانی ئاو بەردەوامە

K24 - هه‌ولێر:

ماوەی 10 مانگە، گرووپە چەكدارەكانی  سەر بە توركیا لەناوەندی "عەلۆك"ی سەر بە سەرێكانی ئاویان لە سەر شاری حەسەكە و دەورووبەری بڕیوە، ئەمەش بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی نەبوونی ئاو لە ناو شاری حەسەكە  و دەورووبەری. رۆژ بە رۆژ رەوشی ھاووڵاتیان قورستر و زەحمەتتر دەبێت. خەڵكەكە داوا لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەكەن، چارەسەرێك بۆ قەیرانی بێ ئاوی شارەكە بدۆزنەوە.

ئێستا ناوی شاری حەسەكە بووەتە "شاری بێ ئاو"، خەڵكی گەڕەكی مفتیی ئەو شارە 15 رۆژە بێ ئاون. دابینكردنی ئاو بووەتە كار و پیشەی رۆژانەی خەڵكەكە و ئەو كەسەی بتوانێت ئاو به‌ده‌ستبهێنێت، شانازی پێوە دەكات. لوقمان ئەسعەد، كرێكارێكی دەست كورتە و لە توانایدا نییە ھەر دوو رۆژ جارێك ئاو بە پێنج ھەزار لێرە بكڕێت، بۆیە ئەمە سێ رۆژە لە ماڵدا بێ ئاون.

خەڵكی حەسەكە دەڵێن: خاوەن تانكەرەكانی ئاو ھەلپەرستن و ئاو بە نرخێكی گران  بەوان دەفرۆشن، ئەمە وێڕای كە ئەو ئاوە تاڵە و بۆ خواردنەوە ناشێت.

شارەوانی و دەستەی ئاو دەڵێن: ئەوان بەبێ پارە ئاو بە سەر خەڵكیدا دابەش دەكەن، بەڵام بەھۆی گەورەیی شار و كەمی ژمارەی تانكەرەكان ئاو ناگاتە گشت گەڕەك و ماڵەكان.

بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی ئاو، كە دە مانگە بەردەوامە، دەستەی ئاو لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سەر پرۆژەیەك كار دەكات بۆ لێدانی نزیكەی  پەنجا بیری ئاو لە گوندكانی دەورووبەری حەسەكە. بەپێی به‌ڕێوبەرایەتی ئاو، ئەو پرۆژەیە، 20 ھەزار مەتر سێجار ئاوی رۆژانە بۆ تەواوی حەسەكە دابیندەكات.