ماكرۆن: سیاسه‌تی فراوانخوازی توركیا له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وروپا ناگونجێت
K24 - هه‌ولێر:
سەرۆكی فه‌ره‌نسا ئیمانۆێل ماكرۆن لە گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری"باری ماتش" رەخنەی لە سیاسەتی فراوانخوازی توركیا گرت و گووتی: لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەورووپا ناگونجێت و ده‌بێتە مایەی نائارامی و تێكدانی سه‌قامگیری لە ناوچەكەدا.
چەند كاتژمێرێك پێش دیداری لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركڵ، ماكرۆن چەند تویتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رەخنەی لە لاوازی ھەڵوێستەكانی ئەورووپا گرت. ھەروەھا لە گفتوگۆیه‌كدا لەگەڵ گۆڤاری "باری ماتش" رەخنەی لە سیاسەتی فراوانخوازی توركیا گرت و گووتی: ئەو سیاسەتە لەگەڵ بەرژەوەندییەكان ئەورووپا ناگونجێت و ھۆكارێكە بۆ تێكدانی ئارامی و سه‌قامگیری لە ناوچەكەدا.
ھەروەھا گووتی: دەبێت ئەورووپا رووبەڕوو بەرەنگاری ئەم جۆرە كارانە ببێتەوە و بەرپرسیارێتیان بگرێتە ئەستۆ.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ماكرۆن گوتیشی: من لەگەڵ ھەڵچوون و زیادكردنی كێشە نیم، بەڵام ھاوكات من بڕوام بە دیپلۆماسییەتی لاوازیش نییە، ئاماژەیەكمان ناردووە، كەوا ھاوكاری ئەوووپایی واتایه‌كی هه‌بێت.
بریاریشە لە دیداری ماكرۆن و مێركڵ چەند دۆسییەك بخرێنە به‌ر باس، كە گرنگترینیان، پرسه‌كانی بیلارووسیا، توركیا، مالی و لوبنانە، ئەمە جگە لە باسی ئاسۆی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەورووپا لە ئایندەدا.