کوێستان ئەکرەم: دۆکیومێنتەکانی 30 ساڵی هاووڵاتییان لە شارەوانی هەڵەبجە سووتێنران

هێشتا ئاگری کۆگای شارەوانی نەکوژاوەتەوە

K24 - هەڵەبجە

شەوی رابردوو بەشێکی خۆپیشاندەران لە هەڵەبجە هێرشیان کردە سەر شارەوانیی هەڵەبجە و سووتاندیان، لە ئەنجامیشدا دۆکیومێنتەکانی 30 ساڵی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی شارەوانییەکە، سووتان. ئاگرەکە ئەوەندە زۆر بووە، تاوەکو ئێستاش دووکەڵی ماوە.

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لەبەردەم باڵەخانە سووتاوەکە، قسەی بۆ کوردستان24 کرد و رایگەیاند "بەداخەوە، بەڕاستی بەو شێوەیە داوای ماف ناکرێت، کە هێرش بکەنە سەر فەرمانگە حکومییەکانی ئەو پارێزگایە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین هاووڵاتییان داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بەشێوەیەکی تەندروست، بەڵام نەوەک بەمشێوەیە".

لەبارەی زیانەکانیش، کوێستان ئەکرەم گوتی "بەداخەوە شارەوانیی هەڵەبجە رووبەڕووی سووتان بووەوە، باڵەخانەکە هەمووی زیانی بەرکەوتووە، لەڕووی دۆسیە و دۆکیومێنتەکانیش، بەشی گەنجینە و کۆگای شارەوانی و هەرچیی مامەڵە و دۆکیومێنتی خەڵک و فەرمانبەران هەیە هی 30 ساڵ، هەمووی سووتاوە".

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەدڵنیاییەوە دەستێکی تێکدەر و گێرەشێوێن بوون" ئەم کارەیان کردووە "بەڵام خەیاڵیان خاوە، چونکە دەتوانین دۆکیومێنت دروست بکەینەوە، چونکە ئەوەلیات هەر لێرە نییە، و پەیوەستین بە زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییانی دیکەوە، ناوی هیچان ناهێنم، بۆ ئەوەی بیر لەوە نەکەنەوە بچن رووبەڕووی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەش ببنەوە".

شەوی رابردوو (شەممە، 22-8-2020) لە هه‌ڵه‌بجه‌ لەلایەن بەشێکی خۆپیشاندەرانەوە ته‌قه‌ له‌ باره‌گای لقی دوازده‌ی پارتی كرا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ و باڵه‌خانه‌ی قامیقامیه‌ت و بنكه‌ی پۆلیسی هاتووچۆش سووتێندران.

هـ.ر.