سوپای ئهمهریكا: له عهین ئهسهد دهمێنینهوه
K24 - ھەولێر:
سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ یەكشهممە، ئەو شوێنەی ئاشكراكرد، كە ھێزەكانی ئەمەریكا، دوای كشانەوەیان لە بنكەی تاجیی لە باكووری بەغدا، تێیدا جیگیر بوونە.
سەرچاوەكە گووتی: ھێزەكانی ئەمەریكا و ھێزەكانی ھاوپەیمانان دوای ئەوەی سەربازگەی تاجییان بهجێھێشت، بەرەو بنكەی "عەین ئەسەد" لە پارێزگای ئەنبار رۆیشتوون.
گووتیشی: "ئەو ھێزانەی لە تاجی كشانەوە لە بنكەی عەین ئەسەد دەمینێنەوە تا ئەو كاتەی بە تەواوی لە عێراقەوە بەرەو ئەمەریكا دەكشێنەوە و ھیچ كاتێكی دەستنیشانكراو دانەنراوە بۆ كشانەوەیان لهو بنكهیه".
فهرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق لهو بارهیهوه له بهیاننامهیهكدا رایگەیاند، پێگەی ژمارە ھەشتیان لە ھێزەكانی ھاوپەیمانان وەرگرتووەتەوە.
ههر لهو بارهیهوه، گووتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، مایلیز كاگینز، رایگهیاند، ھاوپەیمانان نایانەوێت لەو شوێنانە بمێننەوە، كە لە دەست داعش رزگاركراون.
كاگینز، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گووتیشی: ھەشت بنكەمان رادەستی ھێزەكانی عێراقی كردووهتهوه، ئێمە نامانەوێت لەو شوێنانە بمێنینەوە كە لە دەست داعش رزگاركراون.
ههروهها گووتی: "ئێمە بڕوامان بەسوپای عێراق و پێشمەرگە ھەیە لە بەرەنگابوونەوەی داعشدا".