داوا دەکرێت قشڵەی کۆیە بکرێتە ناوەندێکی گەشتیاری

تەمەنی قشڵەی کۆیە زیاتر لە 200 ساڵە
kurdistan24.net

K24 – كۆیە

قشڵە، بە یەكێك لە شوێنەوارە مێژووییەكانی شارۆچکەی كۆیە دادەندرێت، شوێنەوارناسان تەمەنی قشڵەکە بە 200 ساڵ زیاتر دەخەملێنن، بەڕێوه‌بەرایەتی گەشتوگوزاری كۆیەش ئاماژە بەوە دەكات پێویستە قشڵەی کۆیە بكرێتە ناوەندێكی گەشتیاری.

قشڵەی كۆیە، قەڵایەك مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی عوسمانییەكان دەگەرێتەوە، لە نیشانە و شوێنەكانی ناو ئەو قەڵایە دەردەكەوێ كە لە سەردەمی ھەر حوكمرانییەك سەربازگە و پەناگەیەك بووە، گەرچی ئێستا تەنیا پایە و مەتەرێزی قەڵاكە ماوەتەوە، بەڵام بووەتە میراتێكی بە نرخی ناوچەكە.

 بەرێوبەری گەشتوگوزاری كۆیە باسی ھەوڵەكان دەكات، بۆ ئەوە بكرێتە ناوچەیەكی تەواو گەشتیاری.

ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری كۆیە بە كوردستان24ی گوت: "لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە 3 ھەزار شوێنەوار ھەن، زیاتر لە 180 شوێنەوار كەوتوونەتە سنووری كۆیە، قشڵەی كۆیە یەكێكە لەو شوێنەوارە گرنگانە مێژووەكە بۆ سەردمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە، كە ئەوكات وەك قەڵایەكی سەربازیی بەكاریان ھێناوە".

گوتیشی: "لە دوای راپەڕینەوە حكومەتی ھەرێمی گرنگی بە شوێنەوارەكان دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا قشڵەی كۆیە نۆژەنكراوەتەوە".

ھێمن نوعمان، لە بەشی شوێنەواری كۆیە دەڵێ: "دەتوانرێت وەك شوێنێكی گەشتیاری سوود لە قشڵەی كۆیە وەربگیرێت، چونكە كەوتووەتە سەنتەری قەزای كۆیە و گەیشتن پێی ئاسانە".

قشڵەی كۆیە، كەوتووەتە بەشی رۆژئاوای كۆیە، لەسەر گردێكی پان بە رووبەری زیاتر لە 2400 مەتر چوارگۆشە دروستكراوە، دەرەوەی بە شێوەی قەڵا دروستكراوە و و شوێنی بەرگری لە چوار دەوری دانراوە. لە ھەندێك شوێنی بیناكە دوو نھۆمە، جگە لەوەی شوێنێكی مێژوویی گرنگە، دەكرێت ببێتە ناوچەیەكی تەواو گەشتیاریی و لە ھەمان كاتدا بە شێوازی جیاواز و گرنگیدان بە گەشتوگوزار و كولتووری ناوچەكە دەكرێ ببێتە سەرچاوەیەكی داھاتی كۆیە.