"دەبێ مانگی داھاتوو بودجەی عێراق ئامادە و پێشكەش بكرێت"

پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵاس بە زیانی دەبێت

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاشكرای كرد، بەگوێرەی یاسای کارگێڕی، دەبێ  پێش 15/10/2020 بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی رایگەیاند: "بە گوێرەی یاسای کارگێڕی دارایی بەرواری دیاریکراو هەیە بۆ پێشکەشکردنی بوجە، پێویستە ئامادەبکرێت و بەر لە 15ی تشرینی یەكەم رەوانەی پەرلەمان بكرێت. لە مانگی ئاداریش دەبێت خەملاندنەکان بۆ سێ ساڵ لە لایەن هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان ئامادە بکرێن. بە گوێرەی ماددەی پێنجەمی یاسای کارگێڕی دارایی دەبێت خەملاندنەکان بۆ بودجە لە مانگی حوزەیران پێشکەش بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "دەبێت بودجەی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان لە مانگی تەممووز ئامادە بکرێن و پێشکەش بە وەزارەتەکانی دارایی پلاندان بکرێن، لە کاتێکدا پێویستە هەردوو وەزارەت لە مانگی ئابەوە رەشنوونی پڕۆژەی بودجە و خەملاندنی سیاسەتی دارایی بۆ سێ ساڵی ئایندە پێشکەش بە لیژنەی ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیران بکەن".

هاوکات ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران روونیدەکاتەوە "بۆ ساڵی یەکەم حکومەت پابەندە و دەبێت کار بە بودجەکە بکات، بەڵام بۆ دوو ساڵەکەی دواتری حکومەت پابەند نییە".

جەمال کۆچەر راشیگەیاند: "ئەو بەروارانە تەنیا بەگوێرەی یاسایە و تاوەکو ئێستا هیچ بەروارێک بۆ پێشکەشکردنی بودجە دیارینەکراوە".

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی عێراق ئەوەی خستەڕوو: "ئەوە بەندە بە رێککەوتنی هەردوولا و رێککەوتنێکی گشتگیر بێت، چونکە ئەو 12.67%ـەی ساڵانی رابردوو دیارکرابوو لەسەر بنەمای نەوت بوو، بەڵام ئەمجارە بەهۆی پابەندی حکومەتی عێراق بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس پێویستی بە نەوت نییە، بۆیە مەرجی دیکەی وەک هاوتاکردنی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە".

بەهۆی سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، لە ناوخۆوە لە لایەن پارتە شیعەکانەوە رەخنەی زۆری لێگیراوە، بۆیە تاوەکو ئێستا داهاتووی حکومەت روون نییە کە تا چەند سەرکەوتوو دەبێت لەو هەوڵانەی دەیگرێتەبەر.

لەبارەی داهاتی عێراقیش کۆچەر دەڵێ: "لە ساڵانی رابردوو عێراق رۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، کە لە بودجەدا بە 3 ملیۆن و 680 هەزار بەرمیل نەوت دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس هەناردەی رۆژانە بۆ 2 ملیۆن و  500 هەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا 100% پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە".

لە بارەی ئەو دەنگۆیانەش کە دەڵێن پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵاس بە زیانی وڵاتەکە دەشكێتەوە ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران گوتی: "راستە ئێستا زیانی هەیە و داهات بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بەڵام بە دەرچوون و پابەندنەبوونی عێراق  لە رێکخراوەکە. بەهۆی گوشاری ئەندامەکانی ئۆپێک ئەگەری هەڵوەشانەوەی رێکخراوەکەی لێدەکەوێتەوە کە عێراق ئەندامێکی گرنگی ئۆپێکە، ئەوەش لە ئایندەیەکی دوور بە زیانی عێراق دەشکێتەوە، چونکە ئەندامەکانی دیکەی ئۆپێک گوشاری قورس دەکەنە سەر عێراق و لە داهاتوو عێراق ناتوانێت بە تەنیا نەوتەکەی بفرۆشێت".