تەقینەوەیەكی بەهێز كارەبای تەواوی سووریا دەپچڕێنێت
K24 - هەولێر
تەقینەوەیەکی بەهێز کارەبای تەواوی سووریای پچڕاند، وەزیری کارەبای ئەو وڵاتەش دەڵێ "ئەگەر هەیە تەقینەوەکە تیرۆرستی بووبێت".
محەمەد زوهەیر خەربوتلی، وەزیری کارەبای سووریا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-8-2020) رایگەیاند تەقینەوەیەک لە هێڵی ناوچەی غازی عەرەبی لە ناوچەی زەمیر و عەدرا لە نزیک دیمەشق روویدا.
خەربوتلی روونی کردەوە ئەمە شەشەمین جارە تەقینەوە لە هەمان ناوچە لەو هێڵە روودەدات، کە بووەتە هۆی دابەزینی پاڵەپەستۆی گازی وێستگەی کارەبای دێر عەلی و لەئەنجامدا بڕێکی زۆر غاز لەدەستچووە، پاشان سەرجەم بنکەکانی کارەبا یەک لەدوای یەک وەستاون و کارەبای تەواوی سووریا کوژاوەتەوە.
تەلەڤیزیۆنی ئیخباری سووری لە زاری وەزیری کارەباوە دەڵێ "رەنگە تەقینەوەکە کارێکی تیرۆرستی بووبێت".
لەماوەی زیاتر لە 9 ساڵی جەنگی سووریا، ژمارەیەکی زۆری دامەزراوە نەوتییە سەرەکییەکان لە دەستی دیمەشق نەماون. حکومەتی سووریا ناچاربووە پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی ببەستێت.
بەپێی مەزەندەکانی حکومەت، نەوت و گازی سووریا بەهۆی شەڕ و لەدەستدانی دەسەڵاتی حکومەت لەسەریان، هەروەها سزای ئابووریی سەخت، بە بڕی زیاتر لە 74 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.