قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست ژمارەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت

لە‌گە‌ڵ لیژنە‌ی ماستە‌رپلان وجێبە‌جێكاری پڕۆژەکە كۆبووە‌وە

K24 - هەولێر

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران رایگە‌یاند: هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و دارایی و کارگێڕی دەکەین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی سلێمانیی نوێ، کە بە پڕۆژەی بیست بیست ناسراوە، پڕۆژەکە ژمارەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-8-2020) بە ‌ئامادە‌بوونی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە‌گە‌ڵ لیژنەی ماستە‌رپلان و پڕۆژەی‌ سلێمانی بیست بیست کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئامادەبوو، گفتوگۆکرا لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی‌ پڕۆژەکە و پلانەکانی شارەوانی سلێمانی بۆ خێراترکردنی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆژەکە بەخێرایی دابینبکرێن و هەموو ئاسانکارییەکیش بكرێت بۆ راییکردنی رێکارە یاسایی و دارایی و کارگێڕییەکان و خاوەنی ئەو زەوییانەش، کە دە‌كە‌ونە‌ سنووری پڕۆژەکەوە قەرەبوو بکرێنەوە.

قوباد تاڵەبانی داوای لە دامودەزگا حکومییەکان کرد هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ شارەوانی سلێمانی و لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە بۆ ئەوەی قۆناغەکانی داهاتوو ئاسانتر و خێراتر جێبەجێ بکرێن.

ئاماژەی بەوەشدا ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە و لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمدایە بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم و جموجوڵی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر دەکات، جگە‌ لە‌وە‌ش ژمارە‌یە‌كی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت.

پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست چەند شارێکی نیشتەجێبوون و چەند کارگەیەک و ناوچەی پیشەسازی و گەنجینەکان و عە‌لوە‌ی سلێمانی و چە‌ند خوێندنگە ‌و نە‌خۆشخانە‌یە‌كیش لەخۆدەگرێت، لەسەر رووبەری ٢٢٠٠٠ دۆنم دروست دەکرێت، ئامانجیش لێی رێکخستنەوەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی و رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار و بەهێزکردنی بواری بازرگانی و لۆجستییە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.