ترەمپ: کازمی گوتی تۆ داعشت تێکشکاند

K24 - واشنتن
سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکدا لەدوای دیاریکردنی وەکو کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە کۆنگرەی حیزبەکەی، باسی لە گوتەکانی خۆی و سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کاتێک لە هەفتەی دابردوودا لە واشنتن کۆبوونەوە و گوتی "سوپاسی کردووم و گوتوویەتی تۆ داعشت تێکشکاند".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی "هەفتەی رابردوو کە مسته‌فا كازمی لێرە بوو، سه‌باره‌ت به تێكشكاندنی داعش سوپاسی كردم. من، لێم‌پرسی تۆ مەبەستت منە یان ئه‌مریكا؟ ئه‌ویش گوتی باسی تۆ دەکەم، چونکە کاتێک هاتیتە سەر دەسەڵات ئاڵۆزی و پشێوی هه‌بوون، داعش لە سه‌رجه‌م عێراق و سووریا بوون، تۆ تێكتشكاندن".
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێ بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە ئەو قسەیەی خۆی بە میدیاکان بڵێ، "دەتوانیت ئەوە بکەیت؟ ئەویش گوتی دەیڵێم، ئیدی با ببینین دەیڵێت؟".
تره‌مپ له‌درێژه‌ی گوتەکانیدا له‌ناوبردنی خەلافەتی داعش، کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خه‌لیفه‌ی رێكخراوه‌كه، هەروەها کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی، له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه به ده‌ستكه‌وت بۆ خۆی له شه‌ڕی تیرۆردا هەژماركرد.
كۆنگره‌ی كۆمارییه‌كان شه‌وی دووشه‌ممه (24-8-2020)، له ناوه‌ندی شاری شا‌رلۆت، له ویلایەتی نۆرس کارۆلاینا به فه‌رمی ده‌ستیپێكرد و ماوه‌ی چوار رۆژ ده‌خایه‌نێت. له ده‌ستپێكی كاری كۆنگره‌كه‌دا، کۆمارییەکان به‌فه‌رمی سەرۆک تره‌مپ و مایک پێنسی جێگریان بۆ هەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی 2020ـی ئەمەریکا پاڵاوت.
کاندیدکردنی ترەمپ لەکاتێکدایە 17-8-2020 كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراته‌كان بە ئۆنلاین دەستیپێکرد و بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ به‌رده‌وام بوو، تێیدا به فه‌رمی جۆو بایدن بووە کاندیدی حیزبی دیموكرات و کامێلا هاریس بۆ جێگری بایدن هه‌ڵبژێردرا.
هـ.ر.