د.عوسمان سه‌لیم: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا پلانێكی نوێی پێویسته‌

دكتۆر عوسمان سه‌لیم

K24 – هه‌ولێر:

دكتۆر عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ، پسپۆڕی نەخۆشیەگوازراوەكان لە هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكانی سەر بە بەڕێوبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌تیدا له‌گه‌ڵ سایتی كوردستان24 هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستیانه‌ی خۆی بۆ قه‌یرانی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شه‌پۆله‌كانی هه‌ڵكشان و داكشانی كۆرۆنا له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك پێشنیاز بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

دكتۆر عوسمان، كه‌ ماستەر لە تەندروستی گشتی و لیكۆڵینەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی لە زانكوی نیوكاسڵ لە بەریتانیا به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ وردی باس له‌ هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیداری كۆرۆنا له‌ شاری سلێمانی به‌ تایبه‌تی ده‌كات و به‌راوردی ده‌كات به‌ ئاستی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك و راشیده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا سیستمی تەندروستی ئێمە توانایەکی مرۆیی و شوێنی گونجاوی (متواضعی) هەیە و دەکرێت، بە ئیدارە و پشتیوانی دروست، بەرگەی زیاتر بگرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ئه‌و شاره‌زایه‌، ده‌ڵێت: پێشنیاز ده‌كه‌م بۆردێکی زانستی ئەکادیمی بۆ بەردەوام پێداچوونەوەی هەڵسوکەوتە چارەسەری و خۆپاراستنەکان دابمەزرێت. وەکو بۆردێکی زانستی پرۆفێشناڵی هەمەلایەنەی تەندروستی. بە پێویستی دەزانم کە پێداچوونەوە بە پلانەکاندا بکرێت بە تێڕوانین لە ئەنجامەکان و داتاکانی ماوەی تێپەڕێندراوی جێبەجێکردن. توانای مرۆییەکەش،  ئەگەر پشتیوانی بکرێت،  بەرگە دەگرێت.

له‌ كۆتایی وته‌كانیدا، دكتۆر عوسمان سه‌لیم سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی میدیا و سۆشیال میدیا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا ده‌ڵێت: بێگومان ئەگەر کۆمەڵگه‌ هۆشیار و بەتوانا بوو و بووە بەشێك لە ڕووبه‌ڕووبوونەوەکە و بە ئەرکی خۆی زانی و لە کۆبوونەوەکان و پلاندانان بەشداری پێکرا، ڕەنگدانەوەی ئەوە لەسەر سۆشیال میدیای تاکەکانیش دەبێت. بێگومان ناتوانین هەموو کەس بهێنینە سەر بڕوای پێویست بەڵام زۆرینە ده‌توانێت زاڵببێت.

پرسیار: ئێمه‌ دوای قۆناغی خۆپارێزی توند و شلكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، به‌ گشتی ئێستا له‌ چ ره‌وشێكداین؟ ده‌توانین بڵێین زۆر مه‌ترسیداره‌؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

ئێستا لە ڕەوشێکداین، کە ڤایرۆسەکە لەناو هەموو ناوچەکان بە بەربڵاوی بڵاوبووەتەوە و هەموومان هێندە لە ڤایرۆسەکە نزیکین، کە بۆی هەیە توشی ببین. لە لایەنی سیستمی چارەسەریشەوە ڕەوشەکە مەترسیدارە. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کۆڕۆنا کە پێویستیان بە نەخۆشخانە هەیە لەناکاو زۆربوون و سیستمی چارەسەرمان لەژێر فشارێکی زۆر دایە و بەبێ پشتیوانی زۆرخێرا ئەنجامەکانی جیی دڵخۆشی نابن.

ڕەوشی ڤایرۆسەکە لەو کاتەوە، کە لە حاڵەتی دیاریکراو و کۆمەڵە حاڵەتێك لە شوێنی دیاریکراو و کەوتە ناو کۆمەڵگە (واتا نەکرا نەشوێن و نەسەرچاوەکەی بدۆزینەوە) و لەمانگی مارچەوە لەم ئاستە مەترسیدارەدابووە.

جیاوازیەکە لە ئێستادا لەناکاو زیادبوونی حاڵەتەکانە و تێکچوونی زیاتری باری ئابووری خەڵک و حکومەتە. ئەم دوو بارە سەختە، کەمبوونەوەی هەماهەنگی ئیدارەی قەیران لەسەر ئاستی ناوچەیی و هەرێمیشدا زەقتر بووه‌تەوە. ئێستا مەترسییەکە گەورەترە لە هەرکاتێکی تر؛ نەخۆشیەکە، مەترسی ئیدارەی قەیران (باشترە بڵێین قەیرانەکان) و ترسی بەرگەنەگرتن و فریانەکەوتنی سیستمی تەندروستی بۆ چارەسەری ژمارەی زۆر خێرا هەڵکشاوی توشبووەکان، کە پێویستیان بە ستافی تەندروستی و یارمەتی پزیشکی (ئۆکسجین، ئامێر و چارەسەری دەرمانی ناو نەخۆشخانە) هەیە.

پرسیار: سیستمی ته‌ندروستی هه‌رێم له‌ توانایدا هه‌یه‌ رووبه‌ڕووی وه‌ها قه‌یرانێك ببێته‌وه‌؟ ئایا له‌ حاڵه‌تی ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری كۆرۆنا مه‌ترسی داڕمانی یه‌كجاری سیستمی ته‌ندروستی له‌ ئارادایه‌؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

سیستمی تەندروستیمان پێش ئەم قەیرانە بەتوانایەکی دیاریکراو لەگەڕدابووە و لەناو قەیرانەکەشدا بەو وجودەی کە هەبوو (بێگومان زۆر لەپێویستی ئاسایی خەڵك کەمتر بووە) کارمەندانی تەندروستی بە نەخۆشخانە و کەلوپەلانەی نەخۆشخانە ڕووبەڕووی قەیرانەکە بوونەتەوە وا تا ئاستێکی باش بە سیستماتیکی. ئەنجامەکانیش جیی ڕەزامەندی بووە.  بۆنموونە، پێنج مانگە کارمەندانی نەخۆشخانەکان و خۆپاراستن توانیبویان ڕێگابگرن لە ڤایرۆس و نەخۆشیەکە زیاترلە ئاستێک بڵاو ببێتەوە، کە سیستەم بەرگەی گرتووە، بەڵام ئێستا کە ڕووبه‌ڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسەکە، بەهۆی هۆکاری جیاجیاوە، نەخۆشیەکە هەڵچوونێکی زیادیان بەخۆیەوە بینیوە. لەبەرامبەردا سیستمی تەندروستیمان گەشەی کردووە، بەڵام  بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە ئاستی هەڵچوونی نەخۆشیەکە. بارگرانی و ماندوو بوونی ئێستا سیستەمەکە باری گرانترە و کارمەندان ماندوون و ژیانیان لەمەترسیدایە و باری دەروونیان پێویستی بە پشتیوانیە.

ئەوەش لەئەنجامی زیاتر لە 6 مانگ ژیان لەگەڵ ئەم بارە دەروونی و مرۆییەی، کە هەیە و ئێستاش بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی نەخۆشەکان و گۆڕانی باری دەروونی و ژیانی کارمەندان و کەلوپه‌ل و خەڵک.

لەگەڵ ئەوانەشدا هێشتا سیستمی تەندروستی ئێمە توانایەکی مرۆیی و شوێنی گونجاوی (متواضعی) هەیە و دەکرێت، بە ئیدارە و پشتیوانی دروست، بەرگەی زیاتر بگرێت.

پرسیار: له‌ سلێمانی به‌ به‌راورد به‌ هه‌ولێر و دهۆك تا راده‌یه‌كی به‌رچاو ره‌وشه‌كه‌ ئاڵۆزتر بووه‌ و ئاماره‌كان هه‌ڵكشاون، ئه‌مه‌ بۆ؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

هۆکار هەن. هۆکاری جیۆگرافی، ئیداری، دارایی، کۆمه‌ڵایەتی جیۆپۆلێتیکی و هۆکاری تر.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هاتە سلێمانی لە ئێرانەوە بوو. لەسەرەتای ئەم پەتایە جیهانیە لە ئێران زۆر بە بڵاوی و ئوستانەکانی ئێرانی وەکو  لوڕستان و کوردستان و ئازربایجانی غەربی لەگەڵ  سلێمانی سنوور و دەرچەی کراوەیان و تێکەڵی کۆمەڵایەتی بەربڵاو و زۆر و نزیکی هەیە بە بەراورد لەگەڵ هەولێر کە تەنها ده‌رچەی حاجی ئۆمەرانی هەیە لەگەڵ یەك ئوستانی ئێران (ئوستانی ئازربایجانی غەربی). یان دهۆك کە دەرچەیەکی هەیە کە فیشخابوورە و لەگەڵ تورکیا.  بەوشێوە، گەشتیاری لە سلێمانی بۆ شارەکانی ئێران بۆ چارەسەری پزیشکی و سەردانی کۆمەڵایەتی هۆکاری تر ئەمدیوئەودیو کردن زیاتر بوو بەراورد بە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک. هەرچەندە هەوڵ درا کە خەڵکی هاتوو یان ڕۆیشتوو لە نێوان سلێمانی و ئێراندا ناونیشانیان بە لیژنەکانی تەندروستی بڵێن. بەڵام هەندێك کەس بەپیر ئەم ئەرکە پێویستە نەهاتووە، کە لەهەولێر و دهۆکیش هەروابووە. بێگومان لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەوانەی کە هاتن و چونیان کردبوو لە ئێران بۆ سلێمانی بەبەراورد زۆر زیاتر بوون لەوانەی لە بۆ هەولێر و دهۆک کردبوویان، ژمارەی ئەوانەش کە خۆیان ئاشکرا نەدەکرد زیاتر بوون لەوانەی لە هەولێر و دهۆک خۆیان دەشاردەوە لە تیمە تەندروستییەکان.

هۆکاری ئابووری کاریگەرترین هۆکار بوو. باری ئابووری خەڵک و ناوچەی سلێمانی و کۆمەڵایەتیان جیاوازە؛ لەو بانکەی بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانییه‌ ڕۆژانە لە مانگەکانی نیسان و مایس بە هەزاران کەمئەندام و خانەنەنشین شانبەشانی یەک کۆدەبوونەوە بۆ وەرگرتنی موچەکانیان. ئەمە لە ناو زۆربەی بانکەکانی سلیمانی بەدیدەکرا.

هۆكاره‌كانی دیكه‌ 

هۆکاری تری تەکنیکاڵی و لۆجستیکیش بووە هۆی ئەوەی کە لە سلێمانی ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاوبێتەوە (ژمارەی توشبووان زیاتر بن). لۆجستیکی وەکو پێویست بە بەراورد بە هەولێر و دهۆک لە بەردەستنەبوو ئەوە جگە لە تەنگژەی مەرکەزیەتی بڕیاردان.

هه‌روه‌ها بیروباوەڕی به‌رهه‌ڵستیی (معارض) جموجۆڵ و ئازادیان لە سلێمانی زیاترکرد بە بەراورد لەگەڵ هەولێر و دهۆک. بێگومان تاكەکانیش لە سلێمانی جورئەتی سەرپێچی ڕێنماییە تەندروستیەکانیان زیاتر بوو بە بەراورد بە دوو ناوچەکەی تر.

لە نیوەی مانگی نیسانەوە (سەرەتا و ناوه‌ڕاستی مانگی پیرۆزی رەمەزان)  پێداگری جەماوەر و گروپەکانی فشار لە سلێمانی و سەرانسەری ناوچەکە بۆ کرانەوە (نۆرماڵ بوونەوە) زیادیکرد. بەڵام لەبەرامبەردا ڕۆشنبیری خەڵک و ڕێکاری پێویست فەراهەم نەبووبوو بۆ ئامادەسازی بۆ کردنەوه‌ی بازاڕ و مزگەوت و شوێنە گشتییەکان. هەتا ئەوکاتە، تیمەکانی تەندروستی سلێمانی، کە لەژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە بەڕێوبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی بەهۆی تیمێك لە پسپۆڕانی ئیپیدمیۆلۆجی و هۆشیاری و بەدواداچون و بەڕێوەبردن، توانیان ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە دابەشی چەندین زۆن بکەن و حاڵەتەکان یەکە یەکە دەزانران و کۆنترۆڵ بوون. 

بێ به‌رنامه‌ بوو

لەگەڵ ئەم بارە جیاوازەشدا لە سلێمانی هەتا نیوەی مانگی گوڵان توانرا ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکرێت. لە مانگی مایسەوە بەبێ بەرنامەیەکی نوێ (نورماڵبوونەوەی نوێ) بازارەکان و شوێنە گشتییەکان و مزگەوتەکان کرانەوە. ئەمانە و زیاتریش کاریگەری نەرێنیان هەبوو. سلێمانی کاریگەری دوو مەرکەزیەت و مامه‌ڵەی دووفاقی لەسەر بوو؛ لە مەرکەزیەتی نیشتمانی کە لەڕێگەی هەرێمیەوە مامه‌ڵه‌ لەگەڵ سلێمانیدا ده‌کات و لە مەرکەزیەتی هەرێمیش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دانی "زمام المبادر" بە وەزارەتی ناوخۆ درا لە جیاتی تەندروستی لەکاتێکدا کە  لێپرسراوێتی بۆشاییە تەندروستییەکان زۆربەی خراوەتە ئەستۆی خەڵک.  لە کاتێکدا خەڵک زانیاری دروستی پێنەدرا قەدەغەکرابوو بێتەدەرەوەی ماڵ. دواییش وەزارەتی ناوخۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان ساناكرد و کەرەنتینیان شکاند. دواتر لەناکاو لە هەندێك شوێن و بۆ جەژن دیسان دایاننایەوە، بەڵام لە سلێمانی دانەنرایەوە. ئەمە فەوزای ئیداری قەیرانی پێوەبوو.

بە گوێرەی ئەوەی لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکەوە چاودێرى رەوشەکەم کردووە، دەتوانم قۆناغەکانی ڕووبەڕووبوونەوە بکەم بە سێ بەشەوە و خاڵی هێز و لاوازی بەرەوڕووبوونەوەکە دەستنیشان بکەم:

پرسیار: گرنگترین ئه‌و خاڵه‌ به‌هێز و لاوازانه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ چین؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

لە مانگی شوبات تا دوای نیوەی نیسان قۆناغی یەکەم بوو. تێیدا هەماهەنگیەکی تۆکمە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و بەشەکانی بەڕێوبەرایه‌تی تەندروستی سلێمانی دەبینرا و بەڕێوبەرایەتی گشتی سلێمانیش بەشدار بوو لە دانانی پلان و جێبەجێکردن. وەک هاووڵاتیان تا ئاستیکی باڵا پابەندی ڕێنوماییەکان بوون و لە ماڵەکانیان مانەوە و تەنانەت میدیاکانیش بە سۆشیال میدیاکانیشەوە زۆر لێپرسراوانە مامەڵەیان لەگەڵ هەلومەرجەکە کرد.

لە سلێمانی پلانی زۆر تۆکمە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بە تایبەت بەشی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان لە خۆپاراستن دانرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە.

لە دەیەی یەکەمی مانگی نیسانەوە بۆ کۆتایی مانگی مایس، دووهەم قۆناغ  بوو، کە قۆناغێکی ڕاگوزەر دروستبوو، بەهۆی درێژی ماوەی کەرەنتینی هاووڵاتیان و قورسایی ئابووری سەرخەڵک لە لایەک و پێنەدانی زانیاری تەواو بە هاووڵاتیان دەربارەی پلانی حکومەت، خەڵک لە جدی بوونی مەترسییەکە سارد بوونەوە.

هەروەها هەندێک جموجوڵی سیاسی لە نێو خودی بەرپرسانی ئیداری و سیاسی لە سلێمانی لە لایەک و سلێمانی و هەولێر لە لایەکی ترەوە بە تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێوبەرایەتی و وەزارەت دەلاقەی تێکەوت و لە هەولێر زمانی موبادەرە زیاتر بەدەست وەزارەتی ناوخۆوە بوو وەک لەوەی لای وەزارەتی تەندروستی بێت. ئەوە بوو کەرەنتین بە بێ پلانی تۆکمە و بە بێ چاودێری شکێندرا و تاڕادەیەک مەرزەکان ئاوەڵا کران.

"خەڵکێکی هەلپەرست یان ناکامڵی سیاسی و دینی هەوڵی قۆزینەوەی هەلومەرجەکەیان دا"

ئەوەبوو لە دوارۆژەکانی مانگی مایسدا وەزارەتی ناوخۆ دیسان داوای کەرەنتینی کرد پاش ئەوەی بۆ ماوەی پازدە ڕۆژ خەڵک بێ خاوەن بەجێهێڵدرا. لەم قۆناغەدا هەم هاووڵاتیان متمانەیان بە کەرتی تەندروستی بەشێوەیەکی دراماتیکی دابەزی نەوەك هەر پابەندی بڕیارەکانی حکومەت نەبوون، بەڵکو لەبەرامبەری وەستانەوە و هەم دەستەڵاتی خۆجێی سلێمانیش کاری جدی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانیی وەزارەتی ناوخۆ نەکرد.

لە لایەکی دیکەوە خەڵکێکی هەلپەرست یان ناکامڵی سیاسی و دینی هەوڵی قۆزینەوەی هەلومەرجەکەیان دا و چوونە نێو خۆپیشاندانی خەڵک و بە سوود وەرگرتن لە بێزاری و نەهامەتییەکانی خەڵک سەرمایەگوزاریان بۆ خۆیان کرد.

لەم قۆناغەدا کارەکان لەکۆنترۆڵی هۆبەی نەخۆشیەگوازراوەکان نەمابوو و هێشتا ئامارەکان وا نیشان دەدران کە نەوەك نەخۆشییەکە لە ژێر کۆنترۆڵە بەڵکو نەماوە.  لەم ڕوەوە شپرزەییەکی بێ وێنە لە ناو بەڕێوەبەرایەتی سەریهەڵدا و هەماهەنگی نێو سەکتەرە جیاوازەکان لاواز بوو و متمانەی کۆمەڵگه‌ بە بڵاوکراوە و بڕیارەکان زیاتر لاواز بوو.

لە یەکەم ڕۆژی جەژنەوە تا دوایی (قۆناغی سێهەم) بەداخەوە خەڵکی نەخۆش بەپێی خۆی پەنایان برد بۆ نەخۆشخانەکان بەهۆی ده‌رکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە لێیان و پشکنینی تاقیگەیان بۆدەکرا و دەردەکەوت کە نەخۆشی کۆرۆنایان هەیە.

ئامارەکان بە جۆرێکی خێرا هەڵکشان و بەهۆی ئەو هۆکارانەی سەرەوە و نەبوونی موچەی ستافی تەندروستی و نەبوونی بودجەیەکی شەفاف بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکە و فرەخاوەنی و میدیای نابەرپرس و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک فشارێکی زۆری خستووه‌تە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی، کە پێویستە بە خێرایی کاری جدیان لەسەر بکات. 

پرسیار: كێ به‌رپرسیاره‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

بەپێی وردبوونەوە لە هۆکارەکانی هەڵکشانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و مەترسی گیان لەدەستدانی نەخۆشەکان، لەم هەلومەرجە و بووەتە جێی نیگەرانی دەسەڵات و خەڵکیش، دەسەڵات بەرپرسیارە. لەسەرەتای ئەم بارودۆخە، لەسەر پێشنیازی دەسەڵات (کە پێشنیازی بەجێبوون) جەماوەر لەماڵەکانیان مانەوە و هاتنوچوونیان لەخۆیان قەدەغە کرد و پابەند بوون تا ئاستێکی کاریگەر بە ڕێنماییەکانەوە.

ئەمە زۆر کاتی برد و دەسەڵات لەم ماوەیەدا بەتەواوەتی ئەرکەکانی خۆی تەواونەکرد، کە بریتی بوون لە بەهێزکردنی خەڵک بە ڕۆشنبیرکردنی و دانانی و جێبەجێکردنی ئەولەویات بۆ قۆناغی دووەم و سێهەم کە لەسەرەوە باس کران لە سلێمانی وەک نموونە.

لەنەبوونی کەمترین پێداویستی ماددی ژیان بۆ خەڵک لە درێژەکێشانی قەدەغەکە و خەڵك مەجبوور بوو بۆ ژیان بێتە دەرەوە و ژیانی نۆرماڵ وەکو جاران، ئەمە تاوان نیە و هەموو گیانلەبەرێك بێت هەر دێتە دەرەوە بۆ پەیداکردنی قوتی خۆی و مناڵەکانی، بەڵام خەڵك ڕێنمایی و پێداویستی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی نەبوو.

بەواتایەکی تر، لەماوەی قەدەغەکردنەکەدا (لۆکداون) بۆ نۆرماڵ بوونەوە بە شێوەیەکی نوێ (نۆرماڵی نوێ)  دەسەڵات ئامادەکاری نەکرد. نەوەك هەر ئەوەندە، بەڵکو بەهۆی دەروازەکانەوە، کە هیچ دەسەڵاتی هاووڵاتی ئاسایی تیانەبوو، ڤایرۆسەکە لەشوێنەجیاجیاکان سەریهەڵدەدا.

پرسیار: بۆچی له‌ سلێمانی به‌ تایبه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ گشتی رۆڵی پێویست نه‌دراوه‌ به‌ به‌شی كۆنترۆڵی نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كان تا له‌م قه‌یرانه‌ بتوانن رۆڵی خۆیان ببینن؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیران پێویستمان بە مەرکەزیەتی پرۆفێشنالیزم هەیە. بە وەلانانی ناکۆکییەکان لەسەر ئاستی حزب و تەکەتول و تاك و پێویستە لەهەموو کاتێکدا ئیدارە، بە تایبەت لەکاتی قەیرانەکاندا، کار بدرێتەوە ئەهلی کار.

بێگومان لە سلێمانیش پەیوەستی بە پرۆفێشناڵێتی هەیە. هەربۆیە هەتا ناوەڕاستی مانگی چوار هۆبەی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان دەوری سەرەکی و چارەنووسسازی بینیوە.

لەسەرەتای ئەم قەیرانە، بە بەرچاوی ئاژانسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، تەندروستی سلێمانی و بەسەرپەرشتی هۆبەی نەخۆشیەگوازراوەکان تەنگیان بە ڤایرۆسەکە هەڵچنی و لە هەموو سوچێکدا بۆی دەگەڕان. توانرا پێشڕەوی باش بکرێت بەرەو کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەکەدا شانبەشانی ناوچەکانی تری نیشتمان.

بێگومان خاوەندارێتی و چێژوەرگرتن لە سەرکەوتن هەمووکەس کڕیاریەتی بەهەر نرخێك بێت. ئەمە کێشەی پرۆفێشنالێتیە لە بەڕێوەبردندا. پێویستە کەسی شارەزای بوارەکان کارە تایبەتەکان هەڵبسوڕێنن. ئیدارەی سلێمانی بۆ چارەسەری کێشەکانی لەکاتی خۆیدا دەستی نەدەگەیشتە سەرچاوەکانی سەرمایە و سامان و لۆجستیکی. ئەم بەڵایە بایۆلۆجیە کە وەزارەت شارەزایی وای تێدانەبوو، بەڵام زۆر سەربەخۆیانە بەبێ ڕەچاوکردنی باری جودای ناوچەکان و مەرکەزیەتی نیشتمانی بڕیاردەردەکران، به‌ڵام به‌ چاوساغی تیمێکی پرۆفیشناڵی ئیدارەی تەندروستی نه‌بوو؛ ئارد بدرێتە نانەوا و گۆشت بە قەساب. لەلایەکی تریشەوە، ئەم بەڵایە وەکو ڕووداوەکانی شەڕ نەبوو، کە  دەسەڵاتی کوردی شارەزایی وەکو پێوسیتی هەبوو لە ئیدارەی دەرکەوتەکانی. بەداخەوە کە کێشەی "تجاذباتی" ناوچەکەش وایکردووە، کە پلانی نیشتمانی عێراقی (کە پێویستە) باوەشی بۆ نەکرایەوە. کێشەیەکی دیاری تر، نەبوونی مەرکەزیەت لە بودجە هۆکاری سەرەکی بوو. مەسرەفی ئەم قەیرانە وادیارکەوت کە لە به‌خشین و سەرمایەی لابەلا دەهات. ئەمەش بەهەمان شێوە لە رۆڵی پسپۆڕی کەمکردەوە و سەرمایەداران کەوتنە ناو پلاندانان و جێبەجێکردنەوە و مبادەرەکان لەدەستی پسپۆڕانی نەخۆشیەگوازراوەکان هاتەدەرەوە بیرۆکە وهەمەلایەنی پلان و جێبەجێکردنی لێکەوتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی بۆ هەموو کەسێك ئاشکرایە کە (تجاذبات) کاریگەری زۆرە لەسەر بەڕێوەچوونی کار لە هەموو پارێزگاکان هه‌یه‌.

پرسیار: ئومێد ماوه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ جۆرێك ئاماری قوربانیان هه‌ڵنه‌كشێت..؟ له‌و ئاسته‌ رابگیرێت؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

بێگومان لەم جەنگەدا مانی ئومێد پەیوەندی بە ئامارەکای ئێستا نییە. بەبۆچونی من و لێوردبوونەوەم لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و دەرەوە، ئاماری ئێستا ئەنجامی هەڵسوکەوتی دوومانگ لەمەوبەرن و دەرکەوتەکانی هەتا نزیکەی دوو مانگی تریش بەردەوام دەبن.

ئاماری قوربانیان بە توشبوون و مەترسی لەسەر گیان لە هەڵکشاندا دەبێت تەنانەت هەرچی بیکەین.

هۆکارەکانی بەرگری لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە بە تەواوەتی ئاشکرا بوون بۆ هەموولایەنە پرۆفێشناڵە پەیوەندیدارەکان. بێگومان داخستنی شارەکان بەتەواوەتی کاریگەری بەرچاوی دەبێت لە کەمکردنەوەی ژمارە و ماوەی توشبوون و مەترسی مردن و هەروەها بەخێرایی تۆکمەترکردن و پشتیوانی بەشەکانی چارەسەر و خۆپاراستن و کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی تەندروستی. بەڵام داخرانیش دەستپێبکەینەوە بۆ دوو سێ هەفتە، دیسان هەر پێویستە کرانەوە ڕووبدات.

ئەم کرانەوەی مانگی نیسان و مایس کە ڕوویدا ئامادەکاری بۆ نەکرابوو، بەڵام بەبێگومان جەماوەر لەلایەك هۆکارەکانی نەدەزانین (ئێستاش بەباشی نازانراون) و لەلایەکی تریش بێچارەبوو چونکە دەرامەتی نەبوو. ئێستا ڕێگاچارەکان جیان لە پێش دوو مانگ.

ئێستا نەخۆشخانەکان بەخێرایی کەلوپەلیان و ئامێریان دەوێت. هەر دواکەوتنێك لەم ئاراستەیە، ژمارەی مردن زیاتر دەکات. لەهەمانکاتدا، پێویستە وابکرێت بەزووترین کات کۆمەڵگه‌ خاوەندارێتی ئەم رووبەڕووبوونەوە بکات (کۆمەڵگه‌ بەشداری بکات) ئەوەش بە ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگه‌یە. گوتراوە کە زانیاری و زانست تواناکان زیاد دەکات.

ئەگەر کۆمەڵگه‌ بە تاك و بەکۆ ئارەزوومەندانە بهێنرێتە سەرخەت بەوە ڕۆشنبیر بکرێت لەبارەی چۆنیەتی بڵاوبوونەوە و بەرەوڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بێگومان ئومێد ماوە.

دەسەڵات لەگەڵ پسپۆڕەکانی بەشەکانی تەندروستی پێویستە نەوەك هەر بەزوترین کات گۆڕانکاری لە پلانی رووبه‌ڕووبوونەوەی ئەم هەڵچوونە تازەیەی توشبوون بکات، بەڵکو بودجەی جێبەجێکردنی پلانەکەش دابین بکات. ئەگەر ئەوە نەکرێت بێگومان گەڕانەوە بۆ پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی نیشتمانی ئومێدێکە و لەبەردەستە وەکو تەکنیک و تا ئاستێکی باش پشتیوانیش. ئەگەر کەموکوڕی هەبێت لای ئێمە، بەبۆچوونی بەندە لەبەر ئەوەیە کە بەرپرسان نەیانتوانیوە ڕێوشوێن و ستراتیجی پێویست بەکاربهێنن.

ئەم کێشە کێشەی هەموو میللەتانه‌ و دونیا بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە دەبێتەوە. ئەوانەش نەبن ئومێد هەر هەیە ئەم گەلە بە پشتیوانی خودا قەیرانی زۆری ئاوای تێپەڕاندووە. 

پرسیار: بۆچی هێشتا خه‌ڵكێك هه‌یه‌ متمانه‌ی نییه‌ كه‌ كۆرۆنا هه‌بێت و هه‌میشه‌ گومانیان هه‌یه‌؟ هۆكاره‌كه‌ی له‌ نه‌زانییه‌، یان تێكه‌ڵكردنی كۆرۆنا به‌ سیاسه‌ت وایكردووه‌؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

پێش هەموشتێك، دەبوایە ڕێوشوێنەکانی ڕووبه‌ڕووبوونەوە یاسا بوونایە لە پەرلەمان لەجیاتی بڕیاری وەزاری (وازارەت جەماوەری دەگۆڕێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەك). نەمانی متمانە لەنێوان خەڵک و خاوەنبڕیار هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کاریگەری لەسەر بۆچوونی خەڵک.

خەڵکیش حەزی لە ئاسانکارییە و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاستەنگ کردنی ژیانی رۆتینی دەبێتەوە.  بێگومان نەزانیش و خۆبەزانا زانیش کێشەیەکی تری ئەم بیروباوەڕانەیە.

بەبۆچونی من،  تێکەڵکردنی سیاسەت و کۆڕۆنا بوونی نیە. بەڵکو بە (تسیس) کاریگەری هەیە لە دانانی پلان و جێبەجێکردنەکە. ئەوەش نوێ نیە، کارمەندێکی تەندروستی حزبی پشتی ئەستورترە بە حزبەکەی لە وەرگرتنی کار و پلە و پشتیوانی و قسەشی ڕۆشتووترە لە کارمەندێکی تر تەنانەت ئەگەر ئەوەی دووەمیان زاناتریش بێت.

لەلایەکی تریشەوە خەڵك هەیە دەیەوێت خەڵک ڕووبەڕووی دەسەڵات بکاتەوە و سواری شەپۆلی بەرز و نزمی کۆڕۆنا دەبێت بەپێی توانای بۆ کاریگەری لەسەر بێمتمانەکردنی خەڵک بە قسەکانی دەسەڵات و پسپۆڕەکان.

هەندێك کات دەگاتە ئاست ئەوەی کە بڕوابوون بە هەڵوێستی تەندروستی بە خیانەت و بەکرێگیراوی و خۆفرۆشی لەقەڵەم دەدرێت. کێشەیەکی کۆن و ئێستا هەیە کە کاریگەری هەیە لەسەر خزمەتگوزاری تەندروستی لە سلێمانی بەتایبەتی و لە هەموو ناوچەکە تا ئاستێکی دیاریکراو. ئەوەش دواکەوتن، یان دەکرێ بڵێین پشتگوێخستنی ئەنقەست یان ئیهمالکردن بە ئەنقەست یان بە بەهەرهۆیەك، ڕێنمایی و پلان و تێکنیکاڵێتی لە وەزارەتی نیشتمانیەوە بۆ هەرێمی و دواتر بۆ بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکانی پارێزگاکان و ئینجا بەشە جیاکانی تەندروستی وەکو نەخۆشییەگوازراوەکان.

جاری واهەیە هەتا نوسراوەکانی پرۆتۆکۆڵێک یان بەرنامە یان مەشقێك دەگاتە سلێمانی چەندین هەفتەی بەسەر خودی کارەکە (بۆنمووونە مەشق و ڕاهێنان) تێپەڕیوە. دیزاستەری بایۆلۆجی وەکو کۆڕۆنا (تەنانەت کە یەک حاڵەتیش بێت) کێشەی نێودەوڵەتی و نیشتمانین و ناتوانرێت چوارچێوەی سیاسی هەرێمی و ناوچەییان بۆ دابنرێت. سیاسەت تێکەڵی چارەسەری تەندروستی خۆراك ناکرێت.

پرسیار: ئێوه‌ وه‌ك شاره‌زایه‌كی بواری نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كان، دوای ئه‌زموونی نزیكه‌ی حه‌وت مانگی رابردووی جیهان له‌گه‌ڵ كۆرۆنا له‌و بڕوایه‌دان پێویسته‌ چی بكرێت، په‌یامی ئێوه‌ چییه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

بێگومان قەیرانێکی گەورەی بایۆلۆجی هاتووه‌تە سەر قەیرانی سیاسی و ئیداری ئەم ناوچەیە، بەڵام لەم قەیرانە بایۆلۆجیە تەندروستییە ئێمە تەنیا نین، بەڵکو لەگەڵ هەموو دونیا بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە دەبینەوە؛ بەمەرجێك پرۆفیشناڵانە و بەبێ دەمارگیری سیاسی و ناوچەیی و بەیەکەوە ئیشی بۆ بکەین.

هەرچەندە ئێستا 7 مانگ تێپەڕبووە بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا لەدنیادا و  ڕەوشی ڤایرۆسەکە و نیشانە و کێشەی نەخۆشەکانیش زیاتر لە جاران ئاشکرابوون و چارەسەریش ئاسانترە، بەڵام بەم حاڵەی ئێستا، ئەم سیستمە بتوانێت لە کۆتایی ئەم شەڕەدا ئەنجامی وەکو پێویست بەدەست بێنێت، جێی پرسیارە.

بۆ ئۆكسجین نه‌ما

ئەگەر سەرمایەگوزاری لە تەندروستی و ژیانی خەڵك نەکرێت بێگومان توانای مرۆیی و شوێن کاریگەری نابێت. نموونە کەمبوون و نەمانی ئۆکسجین بوو. ئەمە بۆ روویدا؟ بۆ ستۆکی ئۆکسجین، ئەگەرچی سیستەم دانەڕما، بەڵام کارەساتی دڵتەزێن و بەسەرهاتی ناخۆشی لێکەوتەوە. بودجە بۆ چاکردنەوەی کارگەی ئۆکسجین نەبوو بۆ ئەوەی بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانی، کاربکات کە چوار ئەوەندە بوو. راستەوخۆ دوای دابینکردنی 24 ملیۆن دیناری عێراقی، ئۆکسجین بەرهەمهێنان هاتەوە ئاستی پێویست، بەڵام ئەگەر بتەوێت بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵببیت بەبێ ئەوە کە سەرمایە سەرف بکەیت، ئەوە موعجزەی خودایی دەوێت.

چۆن وانیە، ماوەی شەش مانگ زیاترە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ئەم پەتای کۆڕۆنایە پەتایەکی خێرابڵاوبوەوە و ترسناکی جیهانییە، لای ئێمە ئامادەیی وەکو پێویست نەکراوە بۆ ئەم لەناکاو زیادبوونەی نەخۆشی کۆڕۆنا و بۆ داهاتوو.

نەبوونی پلانێکی پرۆفیشناڵ بە ئاراستەی وا کە سەرمایە و ئامانجه‌كان دیاریکراوبن نەبووە و نیە. تەنها ئامانج گوایە کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بوو، بەڵام بە کامە ئالیەت و کامە بودجە؟ پلان دانان کاری تیمە، تیمی تەندروستی، ئەندازیاری، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتی و پیشەیی و لایەنی دیکەی کار.

دیارە کە پلانی ئێمە وانەبوو و ئاشکرابوو کە ئامانجی نەپێکاوە، بۆنموونە چەند ملیۆن دۆلار لە بینا سەرفکرا لەکاتێکدا کارگەی ئۆکسجین لەسەربڕێکی کەم لەو پارە پەکی کەوتبوو لەوانەشە کاریگەری راستەوخۆی هەبووبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.

کێشەی متمانە دروستبووە لە نێوان جەماوەر و حکومەت. جەماوەر بە هەڵە بەشەکانی تەندروستیش و دکتۆرەکانیش وەکو حکومەت تەماشا دەکات. پێشنیاز دەکەم سوود ببینرێت لە کەسانی کە خەڵك قسەیان وەردەگرێت لە پێشەوایان و ئیمامەکانی مزگەوتەکان و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی قسەی تەندروستی بگەیەنن بە کۆمەڵگه‌ و جەماوەر گوێیان لێبگرێت. بەهەر چۆنێکە پێشنیازدەکەم جەماوەر بکەنە خاوەنی جەنگەکە دژی ڤایرۆسەکە.

لەهامانکاتدا، کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی و لۆجستیکی کار و فەرمان پێداوستی ڕۆژانەن کە بەکاردەهێنرێن لەگەڵ زیادبوونی نەخۆش و پێویستە دەستەبەرو زیاد بکرێن بە ڕێژەی پێشبینی زیادبوونی نەخۆش.

پێشنیازدەکەم تەختی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان و ئامادەکردنی کەلوپەلی پێویست لە ئۆکسجین و ئامێرەکانی پێدانی ئۆکسجین و ئەو دەرمانانەی کە لە پرۆتۆکۆڵە نیونەتەوەیی و نیشتمانی چارەسەری نەخۆشیەکە بڕیاریان لەسەر دراوە لە پرۆتۆکۆڵەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نیشتمانیدا ناویان هاتووه‌ دابین بكرێن.

بۆردێكی زانستی پێویسته‌

لەهەمانکاتدا پێشنیازدەکەم کە بۆردێکی زانستی ئەکادیمی بۆ بەردەوام پیداچونەوەی هەڵسوکەوتە چارەسەری و خۆپاراستنەکان دابمەزرێت. وەکو بۆردێکی زانستی پرۆفێشناڵی هەمەلایەنەی تەندروستی.

بە پێویستی دەزانم کە پێداچوونەوە بە پلانەکاندا بکرێت بە تێڕوانین لە ئەنجامەکان و داتاکانی ماوەی تێپەڕێندراوی جێبەجێکردن. توانای مرۆییەکەش،  ئەگەر پشتیوانی بکرێت،  بەرگە دەگرێت.

لەرووی چەندێتی و چۆنیەتیش خزمەتە تەندروستییەکان، دەکرێت کاری لەسەر بکرێت بە زیادکردنی مەشق و راهێنان و فەراهەمکردن و پشتیوانی خۆپاراستن و ژیانی کارمەندان. پێشنیازدەکەم کە پلانی زانستیانە بۆ پارێزگاری لە باری دەروونی جەماوەر و کارمەندانی تەندروستی هەبێت.

پێشنیازدەکەم هەموو دەرسەکان بۆ داهاتوو سوودی لیوەربگیرێت. چاوەڕوانی قەیرانی دیکە بین، بەڵام با ئامادە بین. تەندروستی و خۆراك ئاسایشی خەڵکن با بەرز و پیرۆز رایانگرین، هەموو بەیەکەوە. هەموو دونیا لەگەڵمانە لەم کێشەیەدا و پێویستە بێ ئومێد نەبین.

پرسیار: ئه‌ی په‌یامتان بۆ میدیا و میدیاكاران به‌ گشتی و ته‌نانه‌ت به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چییه‌؟

د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ:

لە کێشە تەندروستی و خۆراکییەکاندا (ئاسایشی گشتین) ماوە هەموو لایەنەکان بێلایەنی هەڵسوکەوت بکەن. ئەم په‌تایە جیهانگیرە و ناوچەی ئێمە بەشێکی نەپچڕاوەیە لە هەموو دنیا لە بەرەوڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکە.

هەموو دونیا و ئێمە بە یەکەوە دەبێ کاربکەین. لەناوخۆش هەموومان، میدیا، حزب، حکومەت و کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و جەماوەر و تاکی کۆمەڵگه‌ بە سۆشیال میدیای گروپ و تاکەکانیشەوە پێویستە بەیەکەوە بەیەك ئاراستە و لەژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتی هۆبەکانی نەخۆشیەگوازراوەکان کاربکەین هەتا کۆتایی ئەم قەیرانە بایۆلۆجیە.

بێگومان ئەم قەیرانە لەگەڵ خۆیدا قەیرانە داراییەکانیشی گەورەتر کردووە. پێویستە بە گیانی بەرپرسانە مامه‌ڵە بکەین لەگەڵ دەرکەوتەکانی ئەم قەیرانە و هەروەها ئەو قەیرانانەش، کە پێشتر هەبوون و هەتا کۆتایی ئەم قەیرانە جیهانگیرە.

پێویستە میدیا، وەکە هەموو سێکتەرەکانی تری دەوڵەتی بە ئاستێکی زۆر بەرز و لەژێر ڕێنمایی و کۆنترۆڵی بەشەکان و ستراتیج و پلانی نەخۆشیەگوازراوەکان، ڕێژەیەکی بەرچاوی کاروچالاکییەکانی بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕووبه‌ڕووبوونەوەکە ئاراستە بکات. لەکاتی ئێستادا ئەمە زۆر بەدی ناکرێت. میدیا جیاجیاکان (وەکو ئەم پرسیارانەی کوردستان24، بە مەزاج و تێگەیشتنی خۆیان (بۆ نموونه‌ وه‌رگرین) و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەشی هۆشیاری تەندروستی و بەشی چاودێری و چارەسەری کۆڕۆنا لە بەڕێوبەرایەتییەکانی خۆپاراستن، پرسیار و وەڵام و مێزگەرد و راپۆرت و کۆڕ و کۆبوونەوە دەکەن لەم بارەوە).

میدیا پێویستە لەم بابەتەدا هاوکاری بکات لەگەڵ بەرپرسەکانی بەشەکانی نەخۆشییە گوازراوەکاندا لەهەموو ناوچەکان. ئەمەش پێویستە بەخێرایی بخرێتە کارنامەی پەرلەمان و ببێتە یاسایەک کاتی بۆ ئەم قەیرانە بایۆلۆجیە جیهانیە.

بێگومان نەوەك هەر میدیا و سۆشیاڵ میدیا بەڵکو هەموو کارێکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە بایۆلۆجیە سەختە پێویستی بە بنەمای یاسایی هەیە.

پێویستبوو و ئێستاش کە پەرلەمان بە یاسا ئەم هەڵسوکەوتانە و مەرجەعیەتی زانیاری ڕێکبخات.

بێگومان ئەگەر کۆمەڵگه‌ هۆشیار و بەتوانا بوو و بووە بەشێك لە ڕووبه‌ڕووبوونەوەکە و بە ئەرکی خۆی زانی و لە کۆبوونەوەکان و پلاندانان بەشداری پێکرا، ڕەنگدانەوەی ئەوە لەسەر سۆشیال میدیای تاکەکانیش دەبێت. بێگومان ناتوانین هەموو کەس بهێنینە سەر بڕوای پێویست بەڵام زۆرینە ده‌توانێت زاڵببێت.

پرۆفایلی د. عوسمان سه‌لیم ره‌سوڵ

* پزیشكی پسپۆڕی تەندروستی كومەڵ و  خزمەتگوزاری تەندروستی.

* به‌كالۆریۆس لە زانكۆی موسڵ.

* ماستەر لە تەندروستی گشتی و لیكۆڵینەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی لە زانكوی نیوكاسڵ لە بەریتانیا.

* دكتۆری پسپۆڕی نەخۆشیەگوازراوەكان لە هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكانی سەر بە بەڕێوبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی.