شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكاتەوە

سێ خاڵ بۆ رێككەوتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق دیاریكراون

K24 - ھەولێر

وەزارتەی پێشمەرگە و بەرگری عێراق لەسەر رێككەوتنی ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكان كۆدەبنەوە و سێ خاڵی سەرەكی بۆ رێككەوتنی ھەردوولا لەبارەی ناوچە كوردستانییەكان دیاریكراون.

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەمزووانە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكاتەوە، بۆ تەواوكردنی رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری بە مەبەستی ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكان.

روونیكردەوە: "گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بەردەوامە و لەماوەیەكی نزیكدا جارێكی لیژنەی باڵای ھەماھەنگی ھەردوولا جارێكی دیكە كۆدەبنەوە، ھەردوولامان ھاوڕاین دەبێ پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەبێت، بۆ كۆتایی ھێنان بە داعش بەتایبەتی لە ناوچەكانی كەركووك، دیالە، دووزخوماتوو، مەخموور، مووسڵ".

گوتیشی: "ئەو ھەماھەنگییەمان دەبێ بە میكانیزم بێت و لە سێ خاڵدا كۆمانكردووەتەوە، كە بریتین لە دامەزراندنی ناوەندی ھەماھەنگی لەنێوان ئەفسەران ھەردوولا، ھێز و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، ھەروەھا ھێڵی بەرگری ھاوبەش بە درێژایی ئەو ناوچانە، تائێستا لەسەر ئەو میكانیزمە نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی، بەڵام لێكتێگەیشتنی باش ھەیە، ھەركاتێك رێككەتنی نێوانمان واژۆ كرا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشكرد، ھاوكارییە سەربازییەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە بەردەوامن.