برایەكی سەرۆكی پێشووی شارەوانی ھەڵەبجە باسی بێسەروشوێن بوونی براكەی دەكات

"كاتێك لە ماڵ چووەتە دەروە مۆبایلەكەشی نەبردووە"
kurdistan24.net

K24 – ھەڵەبجە

خدر كەریم، سەرۆكی پێشووی شارەوانی ھەڵەبجە چەند رۆژێكە بێسەروشوێنە و برایەكی ئەو گلەیی لە دامودەزگا ئەمنییەكانی ھەڵەبجە دەكات و دەڵێ "ئەوانەی كە بۆ سۆراغكردنی دەگەڕێن كوڕانی عەشیرەتی خۆمانن".

سەربەست كەریم، برای خدر كەریم، سەرۆكی پێشووی شارەوانی ھەڵەبجە لەبارەی بێسەروشوێن بوونی براكەی بە كوردستان24ی گوت: "براكەم دوو ماڵی ھەیە، ماڵە سەرەكییەكەی لە سلێمانییە و لە ھەڵەبجەش ماڵێكی دیكەی ھەیە لە دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەمە 23/8/2020 لە ھەڵەبجە لە ماڵەكەی چووەتە دەرەوە، تائێستا ھیچ زانیارییەكمان لەبارەوە نەزانیوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "كاتێك لە ماڵ چووەتە دەرەوە، ئۆتۆمبێل و مۆبایلەكەشی نەبردووە، باخ و زەوی لەو ناوچەیە ھەیە و پێشتریش چەندین جار بە پێ بۆ ئەم شوێنە رۆیشتووە، بەڵام ئەمجارە كە كاتی ئێوارە بووە رۆیشتووە و نەگەڕاوەتەوە و كەس شوێنەكەی نازانێت".

برای سەرۆكی پێشووی شارەوانی ھەڵەبجە، گلەیی لە دامودەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكە دەكات و دەڵێت: "ئەوانەی كە تائێستا ھاوكاربوونە بۆ گەڕان و سۆراغی خدری برام كوڕانی عەشیرەتەكەی خۆمانن، ھەموو ناوچەكە گەڕاون. باسی ئەوە دەكرێت كە ھێلیكۆپتەرێك لە سلێمانییەوە بۆ ئەم مەبەستە دەنێردرێتە ھەڵەبجە، ئەگەر ئەوە بكرێت سوپاسگوزار دەبین، بەڵام تائێستا حكومەتی خۆجێی ھەڵەبجە وەك پێویست ھاوكارمان نەبووە لە گەڕان و سۆراغكردنی براكەم".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەنگۆی ئەوە ھەیە كە لە دوو شوێن بینراوە، بەڵام ھیچی راستی بۆ نییە".

گوتیشی: "ھیچ كێشەیەكی خێزانی و كەسی لەگەڵ كەس نەبووە".

لە بەرامبەردا رائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەو كاتەی ھەواڵی بێسەروشوێن بوونی خدر كەریم-مان پێگەیشتووە، سەردانی ماڵەكەمان كردون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان كردووەتەوە، بە ھاوكاری تیمی فڕۆكەوانی پارێزگای سلێمانی ھەڵمەتێكمان بۆ كێوماڵ كردنی ناوچەكە ئەنجامداوە، بە فڕۆكە ئەو شوێنانە گەڕاین كە شوێنی پیادە و ئۆتۆمبێل نییە".

خدر كەریم، لە ساڵی 2005 وەك سەرۆكی شارەوانی ھەڵەبجە دەسبەكاربووە و تا ساڵی 2015 لە پۆستەكەی ماوەتەوە. لە رۆژی یەكشەمەی رابردوو 23/8/2020 لە ماڵەكەی چووەتە دەرەوە و تائێستا بێسەروشوێنە.