وەزارەتی شەهیدان: بەغدا ئامادەنییە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە

32 ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێدەپەرێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

32  ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالی بادیناندا تێپه‌ڕی، کە بەهۆیەوە هەزاران ژن، منداڵ و پیاو ئەنفال و بێسەر و شوێن کران، سەدان گوندیش خاپورکران.

له‌و یاده‌دا به‌ڕه‌ڤان حه‌مدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت: بە هۆکاری سیاسی حکومەتی عێراق تا ئێستا ئامادە نیە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال و شەهیدانی کیمیاباران بکاتەوە.

هاوكات چۆی كوانژین، کونسوڵی کۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان گۆرانیەك بۆ ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە تۆمار دەکات و ژمارەیه‌ك هونراوەشی بە هەر سێ زمانی کوردی و ئینگلیزی و کۆری چاپ کردووه‌.

رژێمی پێشوی عێراق بۆ لەناوبردن و جینۆسایدی کورد جگە لە کیمیاباران و هێرشی سەربازی لە ساڵی 1988 وە بە هەشت قۆناخ کوردی ئەنفال و جینۆساید کرد، لە دوای 32 ساڵ تا ئێستا حکومەتی عێراق ئامادە نییە قەرەبوی مادی و مەعنەوەی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانیان بکاتەوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی ماددەی 132ی دەستور، دەبێت حکومەتی عێراقی فیدراڵ قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

H.B