راكان جبووری بەئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك راگەیاند

جبووری: ھیچ بەشداریكردنێكی پێشمەرگە بۆ دۆسییەی ئەمنی لە كەركووك نییە

K24- ھەولێر

راكان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك رایگەیاند، داعش لەو ناوچانە ھەنە كە ھێزەكانی كوردیی تێدانە لە دەورووبەری پارێزگاكە و ھەردوو پێكھاتەی عەرەب و توركمان قبووڵ ناكەن پێشمەرگە بگەڕێتەوەی كەركووك.

جبووری لە لێداوانێكی تەلەفزیۆنیدا، گوتی: "ناوچەكانی باشووری كەركووك تەنھا بۆ ھێزەكانی ئیتیحادی دەشێت، چونكە ناوچەیەكی تێكەڵە و نابێت ھیچ بەشداریكردنێكی پێشمەرگە پاراستنی دۆسییەی ئەمنی كەركووكدا هەبێت".

گوتیشی: "ئەو ناوچانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەوانەن كە حكومەتی ئتیحادی كۆنترۆڵی نەكردوون و رەوشی كەركووك دوای ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سەركەوتن بەرەو باشی چووە".

گوتیشی: " ھەر ھەوڵێك بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە شەرعی نابێت و ھەرگیز ھاوكار نابین لە گەڵیاندا و سوودی بۆمان نییە و گەڕانەوەی پێشمەرگە رەتدەكەینەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەم دواییانە لێكنزیكبوونەوەیەك لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی چەند پرسێك هاتووەتە ئاراوە، لەناویشیان گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەگشتی و كەركووك بە تایبەتی.

لە دوایین هەڤپەیڤینیشدا لەگەڵ میدیای كوردستان، كە شەوی رابردوو تەواوی ناوەڕۆكەكەی لە كوردستان24 بڵاوكرایەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا دووپاتیكردەوە، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەیەك پاكێج لەگەڵ حكومەتی عێراق تاوتوێ دەكەن و هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو كێشانە بەپێی دەستوور، لەناویشیان پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە.