ژنێك 50 ساڵە ترێی شەقڵاوە دەكاتە شەراب

فەخرییە ئیلیا: ھەموو ترێیەك بۆ شەراب نابێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ژنێكی تەمەن 70 ساڵ، زیاتر لە نیوەی تەمەنی خۆی خەریكی دروستكردنی شەرابی خۆماڵیە، ئەو خانمە لە شەقڵاوە ماوەی 50 ساڵە پشت بە كارەكەی خۆی بەستوە، وەك باسی دەكات جیا لە ترێ  بۆ یەكەمین جار لە چەندین جۆر میوەی تر  شەرابی دروست كردوە.

فەخرییە ئیلیا، دانیشتووی شەقڵاوەیە و یەكێكە لە بەرھەمھێنەرانی شەرابی خۆماڵی لە ھەرێمی كوردستان، ئەو لەم وەرزەدا سەردانی ناو رەزەكان دەكات، بۆ ئەوەی بزانێت كام ترێ بە كەڵكی شەراب دێت. فەخرییە بۆ دروستكردنی شەرابەكەی پێویستی بە ترێی تایبەتە، ترێی رەش ئاودار بێت و كاتی لێكردنەوەی ھاتبێت، دەڵێ "دەزانم كەی كاتیەتی و چۆن لێیان بكەمەوە".

تیمی كوردستان24 لەگەڵ فەخرییە دەچنە ناو رەزی ترێ و لەوێ وەسفی ئەو ترێیە دەكات كە بۆ شەراب باشە و دەڵێ: "ترێی سوور نابێ، چونكە رەنگی شەرابەكە تێكدەچێت، دەبێ ترێی رەش بێت و لە رەزی دێمی بێت".

گەرچی تەمەنی  70 ساڵە، بەڵام ھێز و وزەی ھەیە و لە یەكەم قۆناغی دروستكردنی شەرابەوە ھەر خۆی سەرقاڵی كارەكە دەبێت، بەبێ بەكارھێنانی ئامێری سەردەم بە قاچەكانی ترێیەكە دەگوشێت. وەكخۆی دەڵێ "بۆ ھەر لیترێك شەراب پێویستی بە 3 تا 4 كیلۆ ترێی تایبەتە. دوای تەواو بوونی قۆناغ بە قۆناغی كارەكەی ئاوی ترێكە لە شوێنی تایبەت رادەگرێت، جگە لە شەرابی ترێ چەندین جۆر شەرابی دیكەشی دروستكردوە كە ھەر كامیان چەندین ساڵ تەمەنیانە.