رووسیا، توركیا و ئێران رێككەوتنی نەوتیی ھەسەدە و کۆمپانیا ئەمەریکییەکە رەتدەکەنەوە

K24 - هەولێر
رووسیا، تورکیا و ئێران، هەرسێ وڵاتی گەرەنتیکاری گفتوگۆکانی ئاستانە سەبارەت بە سووریا کۆبوونەوە و رێککەوتنی نەوتیی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و، کۆمپانیایەکی ئەمەریکییان رەتکردەوە.
لە رۆژی 24-8-2020 وەکو ئامادەسازییەک بۆ کۆبوونەوەی ئاستانەی تایبەت بە سووریا لە جنێڤ، رووسیا، تورکیا و ئێران کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بە راوێژی شاندی سووریا و گیێر پیدرسۆن، نێردراوی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا سازکرا و شەوی رابردوو راگەیەندراوێکی 10 خاڵییان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە.
یەکێک لە خاڵەکانی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەرسێ وڵات باسی ئەو رێککەوتنە دەکات، کە لەنێوان هەسەدە و کۆمپانیای ده‌لتا كریسێنت ئێنێرجی ئەمەریکی واژۆکراوە سەبارەت بە نەوتی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
هەرسێ وڵات رێکەوتنەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن "رووسیا، تورکیا و ئێران دژی دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی نایاسایی داهاتی نەوتی سووریا‌ن و دەبێت ئەو داهاتە بۆ کۆماری عەرەبیی سووری بێت، جەختیش دەکەنەوە لەوەی "هەر لەم چوارچێوەیەدا ئیدانەی رێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان کۆمپانیایەکی خاوەن مۆڵەتی ئەمەریکی و کیانێکی نایاسایی وەکو بەشێک لە ئەجێندای جیاخوازی دەکەین".
رێكکه‌وتنه‌كه لەنێوان كۆمپانیای ده‌لتا كریسێنت ئێنێرجییە كه باره‌گاكه‌ی له ویلایه‌تی نیوجێرسی-یه له‌گه‌ڵ هەسەدە، بووەته جێگه‌ی مشتومڕی ته‌واوی هێزه‌كانی ناوچه‌كه. به‌پێی به‌رپرسانی ئێستا و پێشووی ئه‌مەریكاش: ئه‌م رێكخستنه رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، سەرۆکی سووریا بێبه‌ش ده‌كات له قازانج و پاره‌كه و به‌شه گه‌وره‌كه‌ی بۆ كورد ده‌بێت، واشدەکات هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر زه‌وی ناوچه‌كه بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننه‌وه، كه تائێستا گۆڕه‌پانێكی پڕ لە ئاڵۆزی و كێشه‌یه بۆ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
هـ.ر.