پەرلەمانتارانی ئەلمانیا: توركیا ھاوبەشێكی متمانەپێكراو نییە

"نابێت حكوومەتی ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە چاوپۆشین لە پێشێلكارییەكانی توركیا "

 K24- ھەولێر

شارەزایانی كاروباری دەرەوەی ئەڵمانی رەخنەی توندیان ئاراستەی حكومەتی توركیا كرد بەھۆی ناكۆكی نێوان دوو وڵاتی ئەندام له‌ ھاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) یۆنان و توركیا لە سەر بابەتی كنە و پشكنین بەدوای نەوت و غازدا لە دەریای ناوەڕاست.

یۆرگن ھارت، پەرلەمانتاری حزبی "مەسیحی دیموكرات" ئەمڕۆ سێشەممە لە بەرلین گوتی: بەداخەوە، ئۆپەراسیۆنەكانی كنە و پشكنین بەداوی غاز و نەوتدا لە لایەن كەشتییەكانی توركیاوە لە ئاوی نێودەوڵەتیدا، دەچێتە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ھەراسانكردن و ھەڵچوون، كە چەند مانگێكە لە لایەن توركیاوە پەیڕەو دەكرێت.. لایەنی توركی بەردەوامە لە بەربەستكردنی ئازادی را، رۆژنامەگەری و ئازادی دەستاودەستكردنی زانیاری لە گەڵ ھەراسانكردنی يۆنان و گۆڕینی پێگەیەكی كەلەپووری جیھانی (ئایا سۆفیا) بۆ مزگەوت.

ھەروەھا گوتی: ئەم "ھەراسانكردنانە" لە لایەن حكومەتی توركیاوە، لە ئەنجامی ھەندێك پاڵنەری ناوخۆییەوه‌یه‌، بەڵام ئەم كارە ھاوكاری سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان ناكات بۆ لەناوبردنی زیادبوونی تووڕەیی گەنجان لە قەیرانی ئابووری.

ھارت روونیشیكردەوە، " كوتلەی پەرلەمانی ھاوپەیمانی مەسیحی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا داوا لە توركیا دەكات، دوای چەندین ساڵ لە گۆشەگیریی بگەڕێتەوە بۆ بەھاكانی ناتۆ و ئەنجوومەنی ئەوروپا و یەكێتی ئەوروپا". جەختیشیكردەوە، پێویستە ناكۆكییەكان  بەرێگای دیپلۆماسییەت و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی چارەسەر بكرێن نەك بەرێگای رووبەڕووبوونەوە.

كوتلەی پەرلەمانی حزبی"دیموكراتی ئازاد"یش ئەمڕۆ لە بەیانێكدا رایگەیاند، توركیا ھاوبەشێكە جێگای متمانە نییە. ھەروەھا گوتی:" دەبێت حكومەتی ئەڵمانیا دوودڵ نەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی داپڵۆسین لە سیاسەتی ناوخۆی توركیا و سیاسەتی ھەرێمیی دوژمنكارانەی ئەو وڵاتە".

لای خۆیەوە، سیفیم داگدلین، نوێنەری حزبی "چەپ" لە لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا گوتی" نابێت حكومەتی ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە چاوپۆشین و دبێت بە ئاشكرا پێشێلكارییەكانی توركیا لە یاسای نێودەوڵەتی دژ بە یۆنان و قوبرس دەستنیشان و بەناو بكات.

يۆنان، توركیا بە كنە و پشكنین بەدوای یەدەگی غازی سرووشتی لە ده‌وروبه‌ری دوورگەكانی یۆنانی بەشێوەیەكی نایاسایی تۆمه‌تبار ده‌كات. ھەروەھا یەكێتی ئەوروپا ئەو رێكارانەی توركیای شەرمەزار كرد و داوای لە ئەنقەرە كرد، ئەو كارانەی راگرێت.

لە بەرامبەردا، حكومەتی توركیا جەختدەكاتەوە، ئەو ئاوەی كنە و پشكنینی تێیدا دەكات بەدوای غازی سرووشتی دەكەوێتە كه‌ناراوه‌كانی سنووری توركیا.

سێشەممەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایكۆ ماس سەردانی توركیای كرد بەمەبەستی نێوەندگیری لە نێوان توركیا و یۆنان بۆ چارەسەركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌.