وەزیری پەروەردە بژاردەی سەرەكی بۆ خوێندنی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات

ئالان حەمەسەعید: ھیچ بڕیار لەبارەی بژاردەی دیكە نەدراوە

K24 – ھەولێر

وەزیری پەروەردەی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ چاوەڕێی ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەكەن لەبارەی دۆخەكە. ئاماژەی بەوەشكرد پێشنیازی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە پرۆسەی خوێندن لەكاتی خۆی دەست پێبكاتەوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە دھۆك گوتی: "بژاردەی سەرەكی ئێمە ئەوەیە دەوامی قوتابخانەكان لەكاتی خۆی دەست پێبكاتەوە، بەڵام دەبێ چاوەڕێی ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بكەین لەبارەی دۆخەكە، ئەگەر ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی ئەوەبێت كە دەوام بۆ چەند ھەفتەیەك لەكاتی خۆی دوابخرێت، ئەوا بە باشی نازانین بیر لە بژاردەی دیكە بكەینەوە، دەمانەوێت لەگەڵ پاراستنی گیانی مامۆستا و قوتابیان كوالێتی خوێندنیش بپارێزین".

وەزیری پەروەردە، جەختیكردەوە: "ھیچ بڕیارێك لەبارەی گۆڕانكاری لە دەوام نەدراوە، ئەوەی باس دەكرێت تەنھا تاوتوێكردنە و لە حاڵەتی ناچاری پەنا بۆ بژاردەی دیكە دەبەین، ئەمەش لەكاتێكدا كە كۆرۆنا لەوپەڕی ھەڵكشاندابێت".