خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ كەم دەبێت

فرۆشی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020 نزیكەی 75% دابەزیوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمساڵ فرۆشی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020، بەھۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمترین ئاستی ھەبووە، خاوەن كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل دەڵێن، سەرەڕای كەمكردنەوەی نرخ و زیادكردنی خزمەتگوزارییەكان كەچی نەیانتوانیوە فرۆشیان بەرزبكەنەوە. بەگوێرەی ئاماری گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان، لەماوەی ئەمساڵدا تەنیا 33 ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردەكراوەو 80%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەش رەوانەی شارەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق كراون.

سستی بازاڕی ئۆتۆمبێل و فرۆشی مۆدێل 2020 ھەستی پێدەكرێت، ئەمساڵ ژمارەی كڕیار بەراورد بە ساڵانی رابردوو 75% دابەزیووە، كۆمانیاكان ھۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێننەوە، پێشیانوایە دەستپێكردنەوەی بازاڕ و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە  جوڵەی دەخاتەوە بازاڕەكانەوە.

بەگوێرەی ئاماری گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی رابردووەوە 830 مۆڵەتی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دراوەتە كۆمپانیاكان و 94 ھەزارو 646 ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2019 ھاوردەكراوە 80% ھەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كراوە.

 ھەر بەپێی ئامارەكە لە شەش مانگی 2020دا تەنیا 309 مۆڵەتی بازرگانی ئۆتۆمبێل دراوەو تەنیا 33 ھەزارو 104 ئۆتۆمبێل ھاوردە كراوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو ھاوردەكردن بە رێژەی 70% كەمیكردووە. مانگی ئادار و نیسان و ئایاری ئەمساڵیش كەمترین ئۆتۆمبێل ھاوردە كراوە.

بەگوێرەی ئاماری كۆمپانیا جیھانییەكانی ئۆتۆمبێل لە كوردستان، ئاستی فرۆشی ئۆتۆمبێلە بچووك و گەورەكان بەجۆرێك دابەزیوە كە كۆمپانیاكانی ناچار بە دانانی داشكاندن بۆ نرخی ئۆتۆمبێلەكان كردووە، بەڵام ئەم ھەنگاوەش كاریگەری ئەوتۆی لەسەر فرۆشیان نەبووە.