نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوای جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور له‌ عێراق ده‌كات

"كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تییان وه‌رگرتووه‌"

K24 – هه‌ولێر:

نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، داوای لە ھەرێمی كوردستان و عێراق كرد، دەستوور بكەنە بنەما بۆ رێككەوتنی نێوانیان. شارەزایانی كاروباری نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەمە مانای ئەوەیە ئیتر كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا رەھەندێكی نێودەوڵەتییان وەرگرتووە.

چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، خەریكە دەبنە پرسێكی نێودەوڵەتی، ئەمەش دوای ئەوەی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان داوایكرد ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور رێكبكەون و رایگەیاند، چارەسەرنەكردنی كێشەكان دەگەڕێتەوە بۆ كارنەكردن بە دەستووری عێراق.

كرمانج عوسمان، پسپۆڕی دەستوور و شارەزای كارووباری نەتەوەیەكگرتووەكان گوتی: ئەمە دەرخەری ئەو راستیەیە،كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جددیەوە لەسەر ھێڵە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

بەردەوام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داوایكردووە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بكرێن، بەڵام ھەنگاوەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پێچەوانەی بڕگە و ماددەكانی دەستوور مامەڵەیان كردووە و كاریان بە دەستوور نەكردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

بێكەس قادر،  چاودێری سیاسی گوتی: ئەگەر دەستوور جێبەجێبكرایە، كێشەكانی عێراق بە ئێستا نەدەگەیشت. ئێمەی كورد پێویستمان بە لایەنی سێیەمە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور، بە تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان.

حكومەتی عێراق خۆی لە چەندین ماددەی دەستووری پەیوەست بە ھەرێمی كوردستان دزیوەتەوە، گرنگترینیان جێبەجێكردنی ماددەی (140)ە، كە تایبەتە بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان و شایستە داراییه‌كانی ھێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە ھێزی بەرگری عێراق و بودجە و مووچەی ھەرێمی كوردستان.