چەند بژاردەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكان دەخرێنەڕوو

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوتوێی بژادەكان دەكات

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و میكانیزمی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی زانكۆ و پەیمانگاكان تاوتوێ دەكات، پێشبینی دەكرێت وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندن بدات.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ماڵپەڕی كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەت كۆدەبێتەوە و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبێت، بۆ ئەمە چەندین پێشنیاز و بژاردە خراونەتەڕوو، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرجەمیان تاوتوێ دەكرێن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت".

گوتیشی: "كام میكانیزم بە باش و پێویست بزانرێت بۆ دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت".

پەیوەست بەم پرسە عەبدولسەلام دۆڵەمەری، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "ئێمە پاڵپشتی لە بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوام دەكەین، بەڵام ئامار و ھەڵسەنگاندنەكانی تەندروستی پێمان دەڵێن كە ئەم دۆخە بۆ دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن لەبار نییە".

گوتیشی: "دوو رێگە ھەن بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بە فیڕۆ نەچێت ئەوانیش ئۆنلاین و ئاوێتە. ئێمە ساڵی پاریش خوێندنی ئۆنلاینمان بە پەسند نەزانیوە، بۆیە باشترین سیستم بۆ ئێستا ئاوێتەیە وەك ئەوەی لە عێراق بڕیاری لەسەر دراوە".

جەختیشی كردەوە: "بە ھیچ شێوەیەك لە مانگی داھاتوودا ناتوانرێت دەست بە دەوام بكرێتەوە".

عبدولسەلام دۆڵەمەری، ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوتوێی ھەموو بژاردەكان دەكرێت".