داعش چوار ئەندامی بەرگریی سڤیلی لەنزیک حەسەکە کوشت

چەکدارەکانی داعش ئەندامێکی دیکە بەرگریی سڤیلیان بریندارکردووە

K24 - هەولێر

چەكدارانی داعش، لەسەر سنووری عێراق و سووریا، چوار ئەندامی بەرگریی سڤیلی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان كوشت.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوێنێ (شەممە، 29-8-2020) چەکدارانی داعش، چوار ئەندامی بەرگریی سڤیلی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان لە باشووری حەسەکە لە سنووری عێراق و سووریا کوشتووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2019، ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەریی خۆسەر یاسای بەرگریی سڤیلی پەسەند کرد، بەپێی ئەو یاسایەش گەنجان دەبێت بۆ ماوەیەک خزمەتی سەربازی بکەن لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان.

هەر بەپێی روانگەی سووری، جگە لە کوشتنی ئەو چوار کەسە، چەکدارەکانی داعش ئەندامێکی دیکە بەرگریی سڤیلیان بریندارکردووە، رووداوەکەش کاتێک روویداوە، کە ئەو گرووپە لە شارۆچکەی دەشیشەی سەر بە حەسەکە بوون.

روانگەی سووری ئاشکراشی کردووە 196 کەسی مەدەنی لەنێویاندا 15 منداڵ و 10 ژن لە دەوروبەری دێرەزووری رۆژهەڵات، دەوروبەری حەسەکە، شاری رەققە، دەوروبەر و ناوچەی منبج لەلایەن شانەی چەکدارەوە کوژراون، هەروەها 370 شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە چەند فەرماندەیەکی لۆکاڵییان لەنێودا بووە، لەو ناوچانە کوژراون، لەگەڵ چوار ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش.