بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن وەزارەتی تەندروستی ھەڵسەنگاندن دەكات

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی راپۆرتێك له‌باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەبارەت بە دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی، لە كۆبوونەوەی داھاتوویدا ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی دەكات. دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكانی ھەرێم راپۆرتی خۆی لەوبارەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.

د. خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی، بە كوردستان 24ی راگەیاند: "تائێستا لە وەزارەتی تەندروستی ھیچ راسپاردە و بڕیارێك لەبارەی دۆخی ئێستا و دەستپێكردنەوەی خوێندن نەدراوە، لە كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزارەت تاوتوێی ئەو بابەتە دەكرێت، ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی كۆرۆنا و تەندروستی لە ھەرێمی كوردستان دەكرێت دەربارەی ئەو وادەیەی كە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دیاركراوە، ھەروەھا تاوتوێی میكانیزمی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەكەین".

گوتیشی: "دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت كە رەوشی كۆرۆنا لە ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان وەك یەك نییە، وەك دەزانین ئێستا لە دھۆك رێژەی تووشبوون زیاترە و ھەولێر باشترە، لە سلێمانیش ھێشتا حاڵەتی نوێ تۆمار دەكرێن، ئەوە پێمان دەڵێن كە تائێستا رەوشەكە كۆنترۆڵ نەكراوە، بۆیە دەستپێكردنەوەی دەوام پێویستی بە راوێژی زیاتر ھەیە بەتایبەتی راوێژكردن بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی، دەبێ بڕیارێكی دروست بدرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن نەبێتە ھۆی ھەڵكشانەوەی ژمارەی تووشبووان".