ئەحمەد سەفار: پێشبینی دەکەم لە ساڵی داهاتووەوە کێشەی بڕینی بودجە دووبارە نەبێتەوە

"دەبێت شاندەکەی هەرێم رەچاوی دوو خاڵی گرنگ بکات"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هەرچەندە هەشت مانگ لە ساڵی 2020 تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا بودجەی ئەمساڵی عێراق پەسەند نەکراوە، لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووش، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گەشبینە و هیواخوازیشە نوێنەری هەرێم و شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لیژنەیەی پرۆژەی بودجە ئامادە دەکات، رەچاوی دوو خاڵ بکەن.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بۆ روونکردنەوە سەبارەت بە بودجەی 2020 و 2021ـی عێراق میوان بوو؛ باسی لەوە کرد، ئێستا حکومەتی عێراق خەرجییەک دەکات، کە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی تەواوە، بەڵام گەلێک زیادەڕۆیی لەسەر کردووە بەهۆی ئەو رەوشەی ئێستا عێراق تێیکەوتووە وەک: خۆپیشاندان، قەیرانی دارایی، قەیرانی تەندروستی، دامەزراندنی خەڵک و ناردنی پارە.

ئەحمەد سەفار دەڵێ "چاوەڕێی ئەوەین لە دەستپێکی مانگی نۆدا، پڕۆژەی وەزیری پلاندانانی عێراق بۆ ئێمە بەڕێبکرێت و هەفتەی داهاتووش دەست بە دانیشتنەکان دەکەین، تاوەکو پڕۆژکە بکەینە یاسا. دەبێت بۆ ئەو هەشت مانگەی ئەمساڵ کە خەرجی کراوە، سەنەدێکی یاسایی هەبێت، بۆ ئەو چوار مانگەش کە لە ساڵی 2020 ماوە، مەزەندە بکرێت، لەگەڵ ئەو گوژمە پارەیەی بۆ هەرێم بەڕێدەکرێت".

بودجەی 2021

بڕیاردەری لیژنەی دارایی باس لەوە دەکات، ئێستا لیژنەی بودجە کار لەسەر بودجەی 2021 دەکات. دەڵێ "جێگەی خۆشحاڵییە ئەمجارە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لیژنەیە کاردەکات و، ئەمە شتێکی باشە".

لەکاتێکدا کەسانێک گلەیی لە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەهۆی نەناردنی بودجەوە، ئەحمەد سەفار دەڵێ "سەڵاحییەتی پەرلەمان تەنیا کەمکردنەوەی خەرجیی گواستنەوەیە، واتا کەمکردنەوە و گواستنەوە". هەروەها دەڵێ "پرۆژەی بودجە چی تێدابێت، بەپێی رێککەوتنە سیاسییەکان و مەزەندەکانی حکومەتە، کە خەرجییان چەندە".

ئێستا پەرلەمانی عێراق کار لەسەر پرۆژەی بودجە دەکات، بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق ئاشکرای دەکات "پێموایە لە کۆتایی ئەمساڵ، پڕۆژە بودجەی 2021 بگات و، رەنگە یەک دوو مانگیش دوابکەوێت تاوەکو پەسەند دەکرێت و دەبێتە یاسا".

ئەحمەد سەفار جەخت دەکاتەوە لە باسکردنی "دوو بابەتی گرنگ" و، دەڵێ "یەکێکیان ئەو رێژەیەیە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، کە جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا، ئەویش ئەوەیە هیچ جارێک لە 8٪ـی بودجە زیاتر نەبووە، هۆکارەکەشی خەرجیی سیادییە کە ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، لە 20 بۆ 25 بڕگەوە، ئێستا گەیشتووەتە 117 بۆ 118 بڕگە، پەرلەمان ناتوانێت ئەمانە کەمبکاتەوە، چونکە ئەمە دەبێت بەپێی رێککەوتنی سیاسی بێت".

بۆیە بڕیاردەری لیژنەی دارایی رێنموونی دەکات "دەبێت ئەمجارە ئێمە؛ نوێنەری هەرێم و شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لیژنەیەی پرۆژەی بودجە ئامادە دەکات، ئەو خەرجییە سیادییەی پەیوەندیی بە هەرێمەوە نییە لابدرێت و بەشی هەرێم لە خەرجیی گشتی بێت، نەوەک خەرجیی دوای بڕینی هەموو خەرجییە سیادییەکان. خاڵێکی دیکەش گرنگە لەنێو بودجەدا هەبێت؛ هەر ناکۆکییەک لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دروست ببێت، نابێت هەر حکومەتێک بێت، بچێت مووچەی فەرمانبەران ببڕێت، ئەو دوو خاڵە زۆر گرنگن".

هەرچەندە لە ماددەی 10، بڕگەی جیمی بودجەدا هاتووە "دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابرێت"، بەڵام ئەوە کرا و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێردرا. بڕیاردەری لیژنەی دارایی باس لەوە دەکات: "مخابن، مووچە بە بڕیارێکی تاکلایانە بڕدرا، بەڵام ئەگەر ئەمجارە ماددەیەکی جیابێت (تەنیا یەک بڕگە نەبێت) ئەوا ئەگەر ناکۆکییەک دروست ببێت لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم لەسەر بابەتی سیاسی، حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی دەبێت بەردەوام بن لە پێدانی مووچە".

"پێشبینی دەکەم ساڵی داهاتوو کێشەی بڕینی بودجە چارەسەر دەبێت"

ئەگەر بودجەی 2020 پەسەند بکرێت، حکومەتی عێراق دەبێت هەموو ئەو بڕە پارەیە دابینبکات، کە لە بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ئەحمەد سەفار ئاماژە بەوە دەکات "ئەمە، لەسەر دانوستانی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی دەوەستێت، چونکە ئەمە پەیوەستە بە رێککەوتنی سیاسی"، هەروەها دەڵێ "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، گەیشتوونەتە چارەسەرییەکی باش و، پێشبینی دەکەین ساڵی داهاتوو کێشەکە چارەسەر دەبێت و کێشەی بڕینی بودجەش دووبارە نابێتەوە".

هـ.ر.