ترەمپ پشتڕاستی کردەوە؛ ژمارەی سەربازە ئەمەریکییەکان لە عێراق بۆ 3500 کەمدەکرێتەوە

بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکەونە کوێی عێراق؟
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f3b2b4c4-faba-4b66-bc04-9f16f222065b/082920ESC.ism/manifest

 

K24 - هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلانی هەیە ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق لە 5200 سەربازەوە بۆ 3500 سەرباز کەمبکاتەوە. ترەمپ لەڕێگەی توویتێکەوە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە پێشتر بەناوی سەرچاوەکانەوە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە.

ئەمەریکا دەڵێ، ئێستا عێراقییەکان توانایان زیاترە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش و، ترەمپ لە گوتاری دیاریکردنی وەکو کانیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، گوتی "بەپێچەوانەی ئیدارەکانی دیکە، من ئەمەریکام لە شەڕ دوورخستووەتەوە، ئەو شەڕە بێکۆتایانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

لە دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێکیش لەبارەی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تووتێکدا نووسیویەتی "ئەمەریکا پلانی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق هەیە".

 هێشتنەوەی تەنیا 3500 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق، واتا گەڕانەوە بۆ ھەمان قه‌باره‌ی سه‌ربازیی پێش پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، کە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن چەکدارانی داعش و لەسەر داوای حكومه‌تی عێراق، ئیدارەی ئەو کاتەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما، بڕیاری رەوانەکردنی هێزی سەربازیان بۆ ئەو وڵاتەدا.

كۆی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بە 5 هەزار و 200 سەرباز مەزەندە دەکرێت، کە لە 8 بنکەی سەربازی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق جێگیرکرابوون:

- بنکەی کەی-وەن لە پارێزگای کەرکووک و شارەدێی پردێ.
- بنکەکانی گەیارە و شنگال لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
- بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، کە یەکێکە لەو بنکە سەربازییانەی زۆرترین سه‌ربازی ئەمەریکای تێدا جێگره.
- بنکەکانی قائیم و حەبانییە، کە ده‌كه‌ونه‌ سنووری پارێزگای ئەنبار.
- بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، کە لەدوای هاتنی چه‌كدارانی داعش، هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیركران.
- لە پارێزگای بەغدا بنکەی ڤیکتۆری و تاجی- دوو هێزەکانی ئەمریکایان تێدایه‌.

لەسەرەتای ئەمساڵ تاوەکو ئێستا، هێزەکانی ئەمەریکا چوار بنکەی سەربازییان رادەستی هێزەکانی عێراق کردووەتەوە، لەنێویاندا بنکەی سەربازی حەبانییە، کە 500 سەربازی ئەمریکی لێبوو، هەروەها بە بەهای 3 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار کەلوپەلی سەربازی ناو بنکەکە پێشکەشی هێزەکانی عێراق کراوە.

بنکەی سەربازیی کەی-وەن 300 سەربازی ئه‌مەریكی تێیدا جێگیربوو، له‌گه‌ڵ راده‌ستكردنه‌وه‌ی بنكه‌كه‌، بە بەهای 1.1 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی سەربازی ناو بنکەکە پێشکەشی هێزەکانی عێراق کرا.

ئەمە جگە لەوەی هەریەک لە بنکەی سەربازی قائیم لە سنووری هەمان پارێزگا، کە 300 سەربازی ئەمەریکی تێدا جێگیرکرابوو، رادەستی عێراق کراوەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردووشدا هێزەکانی ئەمریکا بنکەی سەربازی تاجییان رادەستکردەوە، له‌گه‌ڵیدا بڕێكی زۆر کەلوپەلی سەربازیان جێهێشت، كه‌ بەهایان 347 ملیۆن دۆلار بوو.

 

هـ.ر.