تورکیا 170 تۆن زێڕ دەكڕێت

"بڕە پارەیەکی زۆر چاپکراو زێڕی پێ کڕدراوە"
kurdistan24.net

K24 – ئیستانبۆڵ

دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا، بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان زۆربەی بانکەکانی جیهان یەدەگەکانیان بە زێڕ دەوڵەمەند کرد، تورکیاش لە شەش مانگی رابردوودا توانی 170 تۆن زێڕ بکڕێت و بێتە ریزی پێشەوەی کڕیارانی زێڕ.

ئابووریناسێک لە ئیستانبوڵ دەڵێت، بەهۆی کۆرۆنا زۆربەی وڵاتان پارەی نوێیان چاپکرد و بەو بڕە پارە نوێیە چاپکراوەش زێڕیان کڕی، بۆیە نرخی زێڕ بەو شێوە بەرچاوە رووی لە بەرزبوونەوە کرد.

رەشاد یڵماز، ئابووریناس بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا نەك ھەر توركیا زۆربەی وڵاتان لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زێڕ دەكڕن، بۆ ئەوەی بەھای پارەكەیان دانەبەزێت زێڕ دەكڕن، ئەمەش وایكردووە خواست لەسەر زێڕ زیاتر بێت و نرخەكەشی بەو رێژەیە بەرزببێتەوە".

زێڕینگەران ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ژمارەیەكی زۆر كەم ھاووڵاتیی زێڕی نەخشێندراو بۆ جوانی و بۆنەكان دەكڕن، ئەوانەی پارەشیان ھەیە لیرە و زێڕی بێ نەخش دەكڕن.