رێکخراوی تەندروستی جیهانی: دەبێت چاو لە دهۆک بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی: من شانازی بە دهۆکەوە دەکەم
kurdistan24.net

K24 - دهۆک

لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی عێراق رێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا دەگاتە 3٪، لە دهۆک ئەو رێژەیە 1٪ـە، بۆیە نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەستخۆشی لە بەرپرسانی تەندروستی پارێزگاکە دەکات، دەشڵێ "دەبێت چاو لە دهۆک بکرێت لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا".

لەدوای پێشکەشکردنی بڕێک یارمەتی لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بۆ پارێزگای دهۆک، لەپێناو رووبەڕووبووونەوەی کۆرۆنا، نزار عسمەت، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک و ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێکخراوەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 30-8-2020) کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.

ئەدهەم ئیسماعل، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی "دهۆک لە جوانترین پارێزگاکانی عێراقە، من شانازی پێوە دەکەم... رێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لەو پارێزگایە دەگاتە 1٪ ئەمەش رێژەیەکی نایابە، لەکاتێکدا 3٪ـی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق رۆژانە گیانلەدەستدەن، ئەو رێژەیە لە هەندێک وڵات زیاتریشە.... من پێموایە پارێزگاکە تاوەکو ئێستا نموونەیەکە دەبێت چاوی لێبکرێت لە مامەڵەکردن و رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا".

تاوەکو کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، لەو 27 هەزار و 621 کەسەی لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، سێ هەزار و 653 کەسیان دانیشتووی پارێزگای دهۆکن، هەروەها لەو هەزار و 32 کەسەش کە لە هەرێمی کوردستان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، تەنیا 44ـیان دانیشتووی دهۆک بوون.

نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق جەختی کردەوە لەوەی "لە دهۆک تاوەکو ماوەیەکی زۆر ژمارەیەکی کەم تووشی کۆرۆنا دەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت داخستنی شوێنەکان کۆتایی بێت و پارێزگاکە بەڕووی پارێزگاکانی دیکە بکرێتەوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، روونە ئەمەش هەندێک ئامارەکە زیاد دەکات".

ئەدهەم ئیسماعل جەخت دەکاتەوە لەوەی "دهۆک دەتوانێت زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکات"، هەروەها دەڵێ "هەرچەندە ژمارەی چارەسەرکراوانی کۆرۆنا پێویستە زیاتر بێت، بەڵام ژمارەی گیانلەدەستدان نایابە و ئەمەش نیشانی دەدات خزمەتی تەندروستی کە پێشکەشی نەخۆشەکان دەکرێت باشە".

لە کۆتایی گوتەکانیشیدا، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، کە ئەمڕۆ بای نزیکەی 270 هەزار دۆلار یارمەتیی رێکخراوەکەی پێشکەشی کەرتی تەندروستیی پارێزگای دهۆک کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، جەختی کردەوە لەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی "پاڵپشتیی پارێزگاکە دەکات لەوەی پێویستییەتی".

 

هـ.ر.