" دەبێت تەواوی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەرچن"

پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی تەواوی ھێزەكانی ئەمەریكا نییە

K24 - ھەولێر:

ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمه‌ریكا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە كەمكردنەوەی ژماره‌ی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق چەند پەیامێك لە خۆوە دەگرێت. جەختیشیكردەوە، ھیچ پاشگەزبوونەوەیەك نییە لە بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی تەواوی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

پەرلەمانتاری فەتح، فازڵ جابر بە پێگەی "مەعلومە"ـی راگەیاند، "بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ بۆ كەمكردنەوەی ژماره‌ی ھێزه‌كانیان لە عێراقدا، چەند پەیامێك لە خۆوە دەگرێت و یەكەمیشیان، ترسیانە لە بە ئامانجكردنی ئەو ھێزانە لە لایەن بەرەی بەرگرییەوە".

راشیگەیاند، پەیامی دووەمی بۆ پڕوپاگه‌ندەی ھەڵبژاردنە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ھەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئەمەریكا".

گوتیشی: دوا پەیامیش، كە لە ھەموویان مەترسیدارترە، ھەوڵدانە بۆ ھێشتنەوەی بەشێك لە ھێزەكانیان و جێگیركردن و چەسپاندنی خۆیانه‌ لە عێراقدا.

روونیشیكردەوە، "پەرلەمان دەنگی بە دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا داوە و پاشەگەزبوونەوەش لەو بڕیارە نییە و دەبێت تەواوی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەرچن".