پیاوێک لە هەڵەبجە دوای لەدەستدانی قاچەکانی دەبێتە فریادڕەسی پێنج هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت

سەرکۆ هەڵەبجەیی: دڵخۆشم کە دەبینم منداڵەکان لەڕێگەی منەوە کەوتوونەتە سەر پێ
kurdistan24.net

 

K24 - هەڵەبجە

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ 27 ساڵە هەردوو قاچی لەدەستداوە، بۆیە سەرکۆ لە هەموو کەس باشتر لە ئازاری ئەوانە تێدەگات کە قاچ و دەستیان لەدەستداوە، یان ناتوانن بەهۆی نەخۆشییەوە بەکاریان بهێنن، ئەمەش وای لێکردووە یارمەتیی ئەو کەس و منداڵانە بدات کە تووشی کەمئەندامی یان ئیفلیجی بوون.

سەرکۆ هەڵەبجەیی، دڵی ئەو منداڵانە خۆش دەکات کە ئیفلیجن و پێویستییان بە کورسی یاخود دەست و قاچی دەستکردە، ئەمەش بە دابینکردنی پەلی دەستکرد بۆیان. ئەم کارەشی لەڕێگەی رێکخراوەکەیەوە دەکات، کە ماوەی 12 ساڵە دایمەزراندووە و تاوەکو ئێستا لەڕێگەیەوە یارمەتیی پێنج هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتی داوە.

سەرکۆ، لەنزیک یەکێک لەو منداڵانە دانیشتووە، کە لەڕێگەی رێکخراوەکەیەوە یارمەتیی دەدات و باسی یارمەتییەکان دەکات، دەڵێ "سەرەتا ئەو کورسییە تایبەتەمان پێداوە تاوەکو دادەنیشێت، دواتر کورسییەکی دیکەی پێدەدەین، کە پێی دەگوترێت (Stand Chair) کورسیی تایبەت بە هەستانەوە، کە ئەو قۆناغەشی تەواو کرد، (Walker)ـی پێدەدەین واتا یارمەتیی دەدەین هەنگاو بنێت، بەڵام ئەمە کاتی دەوێت و پێویستی بە راهێنانێکی سرووستی چڕە، لەڕێگەی زانیاریدان بە دایک و باوکی تاوەکو راهێنانی پێبکەن".

ئەوەی سەرکۆ دڵخۆش دەکات، بینینەوەی بەرهەمی کارەکانییەتی، بۆیە بە بزەوە باسی منداڵێک دەکات کە لە هەولێرەوە سەردانی رێکخراوەکەی کردووە، دەڵێ "رەوڕەوەکەی بۆ هێنابووینەوە و کەوتبووە سەر پێیەکانی خۆی، ئەمەش وادەکات زیاتر دڵخۆشبی و بەردەوام بی لەسەر ئەو کارانە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت".

لە ھەموو ناوچە و شارێکی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی سەرکۆ دەکەن تاوەکو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، چونکە ئەو ئەزموونێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئەم جۆرە منداڵانە ھەیە کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن.

هەر چەند مانگ جارێک ئەوانەی سەردانی سەرکۆیان کردووە، دەبێت دووبارە سەردانی بکەنەوە، بەیەکەوە دەچنە یاریگایەکی تۆپی پێ، ئەمە چێژیان پێدەبەخشێت، بەڵام سەرکۆ دەیەوێت لەڕێگەی ئەو یارییەوە، دڵنیابێتەوە لەوەی ئەو پەلانەی بۆ منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی دابینکردووە، کاری خۆیان بە باشی دەکەن و منداڵەکان پێی راهاتوون.

 

هـ.ر.