لە چەمچەماڵ سیستەمێكی نوێ جێبەجێدەكرێت و لە كفری تیمێكی خۆبەخش سەردانی تووشبووانی كۆرۆنا دەكەن

ئێستا سیستمێکی نوێ لەنەخۆشخانەکان جێبەجێده‌كریت
kurdistan24.net

K24 - گه‌رمیان:

لە قەزای "کفری" تیمێكی خۆبەخشی پزیشكی، رۆژانە سەردانی ئەو خێزانانە دەکەن، کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ھەیە.

عەلی و برایەکی پێشتر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوون. عەلی  دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەسەر كۆرۆنادا زاڵدەبێت، بەڵام براكەی گیانی لە دەست دەدات. ئەمەش وا لە عەلی دەكات زیاتر ھەست بە ئازاری تووشبوون بە كۆرۆنا بكات و بڕیار بدات خزمەتی تووشبوان بكات.

لە سنووری شارۆچكەی كفری رۆژ بەڕۆژ ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا زیاد دەكات، تووشبوانیش داوا لە ھاووڵاتییان دەكەن سەردانیان نەكەن و خۆیان بپارێزن لە تووشبوون بە كۆرۆنا.

بە گوێرەی زانیارییە پزیشكییەكان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا نزیكەی 100 كەس گیانیان لە دەستداوە.

 

دوای ئەوەی تەندروستی چەمچەماڵ ھۆشداریدا لەوەی دۆخی تەندرووستی شارۆچکەکە مەترسیدارە، ئێستا سیستمێکی نوێ لەنەخۆشخانەکان جێبەجێده‌كریت، کە دانانی ئۆکسجینی مەرکەزییە بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین نەخۆش چارەسەر بکەن. ھاووڵاتیانیش داوادەکەن ھۆشداری زیاتر بدرێت، چونکە وه‌ك دیارە پابەندبوون بەرێنماییەکان بەدی ناکرێت و  ئەمەش ھۆکاری ھەڵکشانی ژمارەی توشبووانە بەکۆرۆنا لەو شارۆچکەیە.

رۆژانە حاڵەتەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا زیاد و کەم دەبن، بەڵام پزیشکان داوا دەکەن ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لە شوێنە قەرەباڵغەکان بەدوور بگرن بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەم ببێتەوە و ژیانیان پارێزراوبێت.