فڕۆکەکانی ئیسرائیل دیمەشقیان بۆردومان کرد

کوژار و بریندار هەیە

K24- هەولێر:

میدیای فەرمی حکومەتی سووریا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ دیمەشقی پایتەخت، دوو کەس کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، سەربازی سوپای سووریان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازییان کردووەتەوە ئامانج و هێزی بەرگری ئاسمانی سووریاش، چەند مووشەکێکی پووچەڵکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، سێ سەرباز لە هێرشەکان گیانیان لەدەستداوە کە خەڵکی سووریا نین و بیانین.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئامانجی هێرشەکان، بنکەکانی حزبوڵڵا و هاوپەیمانی چەکدارانی سووریا لە باشووری رۆژئاوای دیمەشق بووە.