"ئەمیری تورکیای داعش" دەستگیرکرا

"بەنیاز بووە لەڕێگەی 10 بۆ 12 تووندڕەوی دیکە، هێرش لە تورکیا ئەنجامبدات"

K24 - هەولێر

لە هەڵمەتێکی پلان بۆداڕێژراودا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کەسێکیان دەستگیرکرد و، دەڵێن "ئەمیری تورکیای داعشە".

سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر سوپاسی رێکخستنە ئەمنییەکانی کرد و دەستخۆشی لێکردن، رایگەیاند ''لە هەڵمەتێکی پلان بۆداڕێژراودا، بەناو ئەمیری تورکیای داعش دەستگیرکرا''.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە ئەو ئەمیرەی داعش، ناوی مەحموود ئۆزدەنە و فەرمانی لە بەرپرسانی دیکەی داعش لە عێراق و سووریا وەرگرتووە، بەنیازیش بووە لەڕێگەی 10 بۆ 12 تووندڕەوی دیکە، هێرش لە تورکیا ئەنجامبدات.

سۆیڵۆ ئاشکرای کرد، ئەو ئۆپەراسیۆنەی لەڕێگەیەوە ئەمیرەکەی داعش دەستگیرکراوە، "هێشتا بەردەوامە. هەروەها ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعشی تیرۆرستمان دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بەوەوە هەیە".

هـ.ر.