خه‌ڵكی لیبیا یادی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌ی قه‌زافییان كرده‌وه‌

یادی قه‌زافی ده‌كه‌نه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

شه‌وی رابردوو، به‌شێك له‌ هاووڵاتیانی لیبیا له‌ شار و شارۆچكه‌كانی خۆرئاوا و باشووری وڵاته‌كه‌یان، یادی 51 ساڵه‌ی شۆڕشی موعه‌ممه‌ر قه‌زافیان كرده‌وه‌، كه‌ به‌ "شۆڕشی فاتح" ناسراوه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ 1969 ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی گرته‌ ده‌ست.

وه‌ك له‌و گرته‌ ڤیدیۆیانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، خه‌ڵكی لیبیا ئاڵای سه‌رده‌می قه‌زافی و وێنه‌كای قه‌زافی و كوڕه‌كانیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌ كاروانی ئۆتۆمبێل به‌ شه‌قامه‌كاندا لایه‌نگرانی قه‌زافی سووڕاونه‌ته‌وه‌ و یادی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌یان كردووه‌ته‌وه‌.

لایه‌نگرانی قه‌زافی پشتیوانی سه‌یفولئیسلامی كوڕی قه‌زافی ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی وڵات بگرێته‌ ده‌ست و لیبیا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی پێشووی خۆی و كۆتایی به‌ شه‌ڕی ناوخۆ له‌ وڵاته‌كه‌یان بهێنێت.