نەمسا گرتنی سیخورێكی توركیای راگەیاند

شەڕی كورد و تورك بووە ھۆی دۆزنەوەی سیخوڕی توركیا بە سەر نەمساوە

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری ناوخۆی نەمسا، كارل نیھامەر، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی تۆمەتی ئاراستەی كەسێك كردووە، كە دانیناوە بە سیخوڕیكردن بۆ دەزگای ھەواڵگری توركیا و دەسه‌ڵاتداران زیاتر لێكۆڵینەوە لە چالاكییە گومانلێكراوەكانی سیخوڕیكردن دەكەن.

نیھامەر، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: شتەكە پەیوەستە بە ئەنجامدانی دەسەڵاتی ھێزێكی بیانی لە ناو نەمسادا ئەمەش بە ھیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە."

وەزیری ناوخۆی نەمسا روونیكردەوە، یەكێك له‌و كه‌سانه‌ بە تەواوی دانیناوە بەوەی "ھەواڵگری توركیا ئەركی سیخوڕیكردن بەسەر ھاووڵاتیانی توركیا یاخود نەمساییەكانی بە بنەچە تورك"ـی پێ سپاردووە و دەسەڵاتدارانی ئەمنی توركی لەو كەسانە ئاگاداری ده‌كەنەوە.

گوتیشی: دەسەڵاتی دادوەری تۆمه‌تی تێوه‌گلان لە كاری سیخوڕی دەخاتە پاڵ ئەو كەسە. ھیچ وردەكارییەكیشی لە سەر ئەو كەسە باس نەكرد.

وەزیری ناوخۆی نه‌مسا ئاشكراشیكرد، نەمسا سەرنجیداوە لە نێوان ساڵانی 2018 و2020 زیاتر لە 30 نەمسایی لە توركیا، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ ئەو وڵاتە گیراون و ھەندێك بەڵگەش ھەنە، كە ھەواڵگری توركیا ویستوویەتی بەكاریان بهێنێت بۆ سیخوڕیكردن.

نیھامەر جەختیكردەوە، "سیخوڕیكردنی توركیا لە نەمسا شوێنی نابێتەوە و شوێن بۆ دەسەڵاتی توركیا بەسەر ئازادییەكان و مافی مرۆڤ لە نەمسا نییە".

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكرده‌وه‌، ئەم ئەنجامانە دوای لێكۆڵینەوەیەكی زۆر لە لایەن پۆلیسی نەمساوە ھات، دوای ئەوەی له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوو، پێكدادانێكی توند لە نێوان ھەندێك كۆمەڵەی تورك و كورد لە ڤییەنای پایتەخت روویاندا.