یەكێتی ئەورووپا: رەوشى رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست زۆر خراپە و ئەنقەرە بەرپرسیارە

برۆكسل پەیامی "روونی" بە رێگای ھەمەجۆرەوە بە ئەنقەرە گەیاندووە و پێویستە توركیا ئەو پەیامانە لە بەرچاو بگرێت

K24- ھەولێر:

یەكێتی ئەورووپا بەرپرسیارێتی "رەوشی خراپی" رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستی خستە ئەستۆی توركیا و تومەتباریكرد بە بەردەوامیدان بە گرژی و ھەڵچوون؛ وێڕای داواكانی برۆكسل بۆ ھێوركردنەوەی رەوشەكە.

پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی نوێنەری باڵای ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە لە یەكێتی ئەورووپا رایگەیاند، برۆكسل پەیامی "روونی" بە رێگای ھەمەجۆرەوە بە ئەنقەرە گەیاندووە و پێویستە توركیا ئەو پەیامانە لە بەرچاو بگرێت بۆ ئەوەی دەوڵەتانی ئەورووپا ناچار نەبن رێكاری دژ وەرگرن.

ستانۆ گوتی: "ئێمە روونین لە رووی ھەڵوێست، ئامانج، مەزندە و ئەنجام".

گوتیشی: ئەوەی ئێستا لە سەر توركیا پێویستە؛ راگرتنی گرژی و ھەڵچوونە و دانیشتنە لە سەر مێزی گفتووگۆ بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هه‌میشه‌یی بۆ تەواوی كێشەكان.

برۆكسل مۆڵەتێكی دابوو بە توركیا بۆ سوودوەرگرتن لە ناوەندگیرییەكان و ھەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ ھێوركردنەوەی رەوشەكە لە دەریای ناوەڕاستدا و ئاماژەشی بە ئەگەری رێكاری توند دژ بە ئەنقەرە دابوو.

چاوەڕێ دەكرێت سەركردەی دەوڵەتە ئەورووپاییەكان لە لوتكەی داھاتوویاندا لە 24 ئەیلوول، گفتووگۆ لە سەر گرژییەكانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست بكەن.

سەرچاوە: ئاكی و روسیا الیوم