زێڕنگرانی ھەرێمی كوردستان داوای كردنەوەی بانكی زێڕ دەكەن

ھەوڵی دامەزراندنی بانكێكی زێڕ دەدرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، زۆربەی ھاووڵاتییانی كوردستان ھەلەكەیان قۆستەوەو زێرەكانیان كردە پارە، بازرگانان و زێڕنگرانیش راستەوخۆ ئەو زێڕەی دەستیان كەوت، ھەناردەی توركیا و دوبەیان كردەوە، زێڕنگەران دامەزراندنی بانكێكی زێڕ بە پێویست دەزانن و گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانیش دەڵێت، پرۆژەكەیان ئامادەیە و پێشكەشی حكومەتیان كردووە.

لە ھەرێمی كوردستان زێڕ زیاتر بۆ جوانكاری بەكاردەھێندرێ، نەك وەكو كۆڵەگە و پاڵپشتیی بۆ  ژێرخانی ئابووری، ئێستا كەمترین بڕی زێڕ دەكڕدرێ و دەفرۆشرێت، ئەو زێڕەشی دێتە بازاڕ راستەوخۆ دەچێتەوە دەرەوە. نەبوونی بانكێكی زێڕی متمانە پێكراو وایكردووە، بازرگانان و زێڕنگران بەترسەوە مامەڵە بەو كانزا زەدەوە بكەن.

ھاوردەكردنی زێڕ دوای ساڵی 2014 لە كەمبوونەوەیە و خواستی كڕیارانیش بۆ زێڕ تادێ كەمتر دەبێتەوە،  لەماوەی ئەمساڵدا بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخەكەی، بازاڕی زێڕ تەواو شێواوە.

لەبارەی دروستكردنی بانكێكی زێڕ لە ھەرێمی كوردستان ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگران بە كوردستان24ی گوت: "پێویست بەشێك لە باجی كەرتی تایبەت و حكومەت بۆ كڕینەوەی زێڕی ناوخۆ تەرخان بكرێت، رەنگە لە چەند ساڵی داھاتوودا بڕێك یەدەگی زێڕ بۆ حكومەتی ھەرێم دابین ببێت".

لە بازاڕی قەیسەری ھەولێر بۆرسەیەكی ساوا ھەیە و رۆژانە مامەڵە بەو كانزا زەردە دەكات، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن كاری ئەوان كڕینەوەی زێڕ و گواستنەوەیەتی بۆ دەرەوە.

ھەژار قادر، خاوەنی بۆرسەی زێڕ دەڵێ: "پێویستە حكومەت بانكێكی باوەڕپێكراوی زێڕ بكاتەوە، ئەگەر تۆنێك زێڕ ھەبێت ناتوانی لە بازاڕ ساغی كەیتەوە، مانەوەشی زیانە بۆ خەڵك و ئامادەنین بیكڕن".

لەمیانی بەشداریكردن لە گەشتێكی ھەواڵی ئابووری كوردستان24 خالید حەیدەر پسپۆری ئابووری گوتی: "بوونی بانكێكی زێڕ بۆ فرۆشتن و كڕینی زێڕ لە ھەرێمی كوردستان كە ئاسانكاری بكات بۆ مامەڵە و گواستنەوەی زێڕ، متمانەی زیاتر دروست دەكات، لەنێوان فرۆشیار و كڕیاری ئەو كانزایە زەردە".

لە ھەرێمی كوردستان 1800 شوێنی زێڕنگەری ھەیە كە 667 كەوتووەنەتە سنووری ھەولێر. بەگوێرەی ئامارەكانی سەندیكای زێڕنگەران لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا نزیكەی 75 تۆن زێڕ ھاوردەی كوردستان كراوەو  70% ئەو زێڕەش بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نێردراوە. لە ھەشت مانگی ئەمساڵیش كەمترین زێڕ ھاوردەی كوردستان كراوە.