ماکرۆن لە بەغدا: هاتووم تاوەکو پاڵپشتی خۆم بۆ عێراق دەرببڕم

بەرهەم ساڵح: عێراق رێز لە دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت

K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرەنسا لە بەغدا هۆشداری دا لە "لاوازکردنی عێراق، بەهۆی دەستوەردانە دەرەکییەکان"، گوتیشی "هاتووم تاوەکو پاڵپشتی خۆم بۆ عێراق دەرببڕم".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2-9-2020) لە بەغدا گوتی "عێراق رووبەڕووی دەستوەردانی دەرەکی دەبێتەوە، کە دەکرێت لاوازی بکات". ئاشکراشی کرد پاریس خوازیارە هەموو پاڵپشتییەک پێشکەش بکات لە پرۆژەی "سەروەریی عێراقدا".

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا وڵاتەکەی، خۆی و هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی لە عێراق و گەلەکەی دەکەن، جەختیشی کردەوە لەوەی ئێستا "عێراق بە قۆناغێکی گرنگی مێژووییدا تێپەڕدەبێت".

ئیمانوێل ماکرۆن لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، روویکردە بەرپرسانی عێراق و گوتی دەبێت ئەوان سەروەریی وڵاتی خۆیان بنیادبنێن. "عێراق رووبەڕووی تەحەدیی سەختی ئابووری و ئاسایش دەبێتەوە، لەکاتێکدا هێشتا شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە".

دوای سەردانێکی دوو رۆژە بۆ بەیرووت، کە دووەم سەردانییەتی لەوەتەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت لە سەرەتای مانگی ئاب، ماکرۆن بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.

پێش کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشی لەگەڵ سەرۆکی عێراق، ماکرۆن لە زنجیرە توویتێکدا دەڵێ "لە بەغدام، دڵخۆشم کە یەکەمجارە سەردانی ئەو شارە دەکەم. هاتووم تاوەکو پاڵپشتی خۆم بۆ عێراق دەرببڕم، لە قۆناغێکی پڕ لە تەحەدیدا".

لە توویتێکی دیکەشیدا، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ نووسیویەتی "تەحەدییەکان زۆرن بۆ گەرەنتیکردنی سەروەریی عێراق، لەوانە تەحەدی: ئەمنی، ئابووری و ناوەخۆ، وەک چۆن ئەو تەحەدییانە لە هەموو ناوچەکەدا هەن".

 

بەرهەم ساڵح: عێراق رێز لە دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا، کە لە دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سەرۆکایەتی عێراق (کۆشکی سەلام) سازکرا، سەرۆککۆماری عێراق جەختی کردەوە لەوەی" بەپەرۆشەوە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەرەنسا پتەوتر بکەین، لەپێناو بنیادنانی هاوبەشییەکی ستراتیجی".

بەرهەم ساڵح هەروەها گوتی "عێراق رێز لە دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت... ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەمان بەسەر تیرۆر و تووندڕەویدا بەدەستهێنا، هەروەها تەحەدیی زۆرمان لەبەردەمە بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر".

 

هـ.ر.