بریكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا: خوێندن له زانكۆكان به‌ته‌واوی ئۆنلاین نییه و سیستمی ئاوێته‌یه

K24 – هه‌ولێر:
د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق، بریكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی داوه بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندنی باڵا بۆ په‌یڕه‌وكردنی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی دابین بكات و هاوكات به‌ڵێنیشی داوه، تایبه‌تمه‌ندێتی به بودجه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بدرێت و جۆرێك له لامه‌ركه‌زی په‌یڕه‌و بكرێت.
ئه‌م قسانه‌ی د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق، بریكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵ"ی كوردستان24 هات، كه تێیدا باس له ورده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی به ئه‌لیكترۆنیكردنی خوێندن كرا.
د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق، له باره‌ی سیستمه نوێیه‌كه‌ی خوێندنه‌وه، رایگه‌یاند، ئه‌و سیستمه ئۆنلاین نییه، به‌ڵكو سیستمێكی ئاوێته‌یه. به‌شێك له وانه‌كان له هۆڵه‌كانی خوێندن ده‌خوێندرێن و به‌شێكیشیان به ئۆنلاین.
گوتیشی: زۆربه‌ی وانه سه‌ره‌كییه‌كان و ئه‌و وانانه‌ی پێویستیان به تاقیگه‌یه، له هۆڵه‌كانی خوێندن ده‌خوێندرێن و هه‌ندێك وانه‌ی ناسه‌ره‌كی هه‌ن، به‌شی زانستی بڕیار ده‌دات، كه بكرێنه ئۆنلاین.
هه‌روه‌ها گوتی: پێشینه‌یی بۆ خوێندنی ناو هۆڵه و سیسته‌مه‌كه نه‌رمی تێدایه و به‌شه‌كان بڕیار ده‌ده‌ن، كامه وانه ده‌كرێت به ئۆنلاین بخوێنرێت.
د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق، بریكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراشیكرد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵێنی داوه بودجه‌ی پێویست بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ئه‌و سیستمه ته‌رخان بكات و هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی دارایی و دیوانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌و باره‌یه‌وه بۆ ئاماده‌كردنی ورده‌كانی تێچووی ئه‌و سیستمه كۆده‌بنه‌وه و پێداویستییه‌كانی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی داوه له‌مه‌ودوا تایبه‌تمه‌ندێتی له بواری دارایی بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ره‌چاو بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت رۆتینی دابینكردنی بودجه بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته كه‌مبكرێته‌وه و ئه‌مه‌ش مزگێنییه‌كه بۆ سه‌رۆكی زانكۆكان، كه له‌مه‌ولا جۆرێك له لامه‌ركه‌زی دارایی په‌یڕه‌و ده‌كرێت و ئاسانكاری بۆ ته‌رخانكردنی بودجه بۆ كه‌رتی خوێندن و زانكۆكان ده‌كرێت و له داهاتووییه‌كی نزیكدا ئه‌م پرۆسه‌یه به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌ندرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا بریكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ساڵنامه‌ی خوێندن له 1ی ئه‌یلوول ده‌ستپێده‌كات و به گشتی له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ردا پرۆسه‌ی خوێندنی زانكۆكان ده‌ستپێده‌كات.