داوا دەکرێت پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق بنێردرێتە پەرلەمان

زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە بەغدا دەکرێت
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر

كۆبوونەوەكانی لیژنەی داڕشتنی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی ئاییدە لە دووشەممەوە دەستیان پێكردووە، یاساناسانیش لە کوردستان داوا دەکەن؛ پڕۆژەکان بنێردرێنە پەرلەمان تاوەکو لەگەڵ دروستبوونی كێشە، سیاسییەكان ئەم رێككەوتنەش وەكو رێككەوتنەكانی دیكە پشتگوێ نەخەن.

ھەرێمی كوردستان بەشێك دەبێت لە پلانە ئابوورییەكە و نوێنەرانی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكاندا بەشدارن، تاوەکو لەڕووی ئابوورییەوە پلانێك دابڕێژرێت بۆ سێ ساڵی داھاتوو، کە جۆرێك لە سەقامگیریی ئابووری بێنێتە كایەوە و شارەزایانی یاسا داوادەكەن پڕۆژەكە بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی وەربگرێت، تاوەکو لەگەڵ سەرھەڵدانی ناكۆكییە سیاسییەكان، ئەم رێككەوتنەش وەك ڕێككەوتنەكانی دیكە پاشەكشەی لێنەكرێت.

لە رابردوودا چەندین جار حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان کردووە، بەڵام دواتر لەگەڵ گۆڕانی كەشە سیاسییەكە، حكومەتەكان رێككەوتنەكانیان پێشێل كردووە. ئەم بنەما ستراتیژییەش کە دادەڕێژرێت، جیاوازە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021.

دووشەممەی رابردوو (31-8-2020) بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی عێراق و ئامادەبوونی چەندین بریکار و بەڕێوەبەری پەیوەست بە بواری ئابووری، یەکەم کۆبوونەوەی پەیوەست بە پڕۆژەکانی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو، لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجامدرا و زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند.

زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئەوکاتە بە کوردستان24ـی راگەیاند "تاوەکو کۆتایی مانگی نۆ، ئەم زنجیرە کۆبوونەوەیە بەردەوام دەبێت لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی عێراق و دانووستاندن دەکرێت بۆ ئامادەکردنی پرۆژەبودجەی ساڵانی: 2021، 2022 و 2023ـی عێراق".

بریکارەکەی وەزارەتی پلاندانان باسی لەوە کرد "لێرەدا پشکی هەرێمی کوردستان زۆر بەهەند وەرگیراوە، تاوەکو ئێمە لە هەرێمی کوردستان چ پێداویستییەکمان پێویستە، لە پڕۆژەی بودجەی ئەو سێ ساڵە جێی بکەینەوە".

ئەو تیمەی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکان بەشدارن، تیمێکی دانوستانکار نین لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو تیمێکی هونەرین و لەسەر بڕگە جیاوازەکانی بودجە گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی مەزەندەی داهات و خەرجیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێ ساڵی داهاتوو بکەن کە، دەبێت لەنێو بودجەدا جێی بکرێتەوە.