رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ئاڵوگۆڕی نێوان ھەرێم و چین دادەبەزێنێت

ھەزار كۆمپانیای گواستنەوە لە ھەرێمی كوردستان تۆماركراون و تەنیا نزیكەی 250 كۆمپانیا چالاكن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی كوردستان و چین بەھۆی رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ھێشتا نەگەڕاوەتەوە دۆخی جاران. كۆرۆنا وایكردووە چین زۆر ئاستەنگ بۆ بازرگانان بەگشتی و بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان درووستبكات. ئەمەش بووەتە ھۆی سستبوونی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان و تائێستا ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان نەتوانن بگەڕێنەوە بازاڕەكانی چین.

بازرگانان و كۆمپانیاكانی تایبەت بە گواستنەوەی كاڵا لە چینەوە بۆ عێراق و هه‌رێم لە دۆخی بازاڕەكە نیگەرانن. بە گوتەی بازرگانان ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و هه‌رێم بە بەراورد بە ساڵی 2019، %50   تا %60  دابەزیوە و سستی بازاڕیش ھێندەی دیكە دۆخەكەی خراپتركردووە.

مەریوان سەدرەین، بەڕێوبەری تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی گوتی: ئێستا تاڕادەیەكی باش دۆخی بازرگانی ناوخۆیی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەكی باشترە و ئاسانكارییەكی زۆریشیان بۆ كراوە.

بەڕێوبەری تۆماركردنی كۆمپانیا نیشتمانییەكان گوتی: زیاتر لە 1000 كۆمپانیای گواستنەوە لە ھەرێمی كوردستان تۆماركراون و لەو ژمارەیەش تەنیا نزیكەی 250 كۆمپانیا لەبواری گواستنەوه‌ی كاڵا چالاكن.

بەگوێرەی ئاماری گومرگەكانی عێراق، %90ی كاڵاكانی چین دێنە بەندەری ئوم قەسری بەسرە و لەوێشەوە بەسەر شارەكانی باشوور و ناوەڕاست و ھەرێمی كوردستان دابەش دەكرێن.