51 كۆچبەر لە فەرهنسا و ئەڵمانیا گەڕێندرانەوە ھەولێر

K24 - ھەولێر:
بەپێی خواستی خۆیان 51 كۆچبەری عێراقی، كە زۆربەیان كوردن، لە فەرهنسا و ئەڵمانیا ئەمڕۆ گەڕانەوە ھەولێر لە چوارچێوەی "یەكەم كردەی ھاوبەش" لە نێوان وڵاتانی یەكێتی ئەورووپادا.
ئەو كەسانە، بۆ گەڕانەوەیان لە فەرهنسا و ئەڵمانیا، سوودیان لە بەرنامەی ھاوكاریكردنی گەڕانەوەی ئازادانە بۆ وڵاتەكەی خۆیان بەرامبەر بە گوژمەیەكی پارە وەرگرت.
دیدییە لیسكی، سەرۆكی نووسینگەی فەرهنسی بۆ كۆچ و تێكەڵكردنەوە گوتی: ئەمە یەكەم كاری ھاوبەشە لە نێوان وڵاتانی ئەورووپا لە پرسی كۆچ. جەختیشیكردەوە ئەم گەشتەی پاریس- میونیخ- ھەولێر دەستەی چاودێری سنوور سەر بە یەكێتی ئەورووپا "فرۆنتكس" پارەكەی دابینكردووە.
ھەر یەك لەو كهسه گهڕاوانە گوژمەی 1800 یۆرۆیان پێدراوە و بەگەیشتنیان بۆ ھەولێر 3000 یۆرۆی دیكەیان پێدەدرێت وەك "ھاوكاریكردن بۆ تێكەڵبوونەوە".
بڕیار بوو ژمارەی ئەو گەڕاوانە 90 كەس بێت، بەڵام ئەوانەی كۆرۆنایان ھەبوو سواری فڕۆكەكە نەبوون.
لیسكی گوتی: دەستپێشخەرییەكە لە لایەن بەرلینەوە بوو و گەڕاندنەوەی دیكەش دەبێت.
گوتیشی: خواست لە سەر گەڕانەوەی ئازادانە ھەیە، كە قەیرانی كۆڤید خێراتریكرد بەھۆی فشارەكان بە تایبەتی لە بازاڕی كاردا. بەڵام كەمی گەشت بە ھۆی كۆرۆنا ئەم كارەی ھێواش كرد.
لە ساڵی 2019 فهرهنسا 8500 گەڕانەوەی ئازادانەی جێبەجێكرد بەرامبەر بە 2300 یۆرۆ.
سەرچاوە: فرانس24