توركیا لە ھەناردەی بوندق بەرزترین ئاستی تۆمار دەكات

توركیا دەستی بەسەر گەورەترین بەشی بازاڕ و بەرھەمھێنانی بوندق گرتووە

K24 - ھەولێر:

بەگوێرەی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، سەندیكای ھەناردەكارانی بوندق لە دەریای رەشدا رایانگەیاندووە، لە هه‌ردوو ساڵی 2019-2020، توركیا 343 ھەزار و 561 ته‌ن بوندقی ھەناردەی 126 وڵات كردووه‌.

لەم رێگەیەوە توركیا، داھاتێكی بە بڕی 2 ملیار و 312 ملیۆن و 45 ھەزار دۆلار بەدەستھێناوە و بەو جۆرەش ئاستێكی پێوانەیی لە رووی قەبارەی ھەناردەی بوندقەوە تۆماركردووە و یەكەمجارە لە مێژووی وڵاتەكە بگاتە ئەو ئاستە.

ئیتاڵیا لە ریزبەندی یەكەمی لیستی ھاوردەكارانە و ئەڵمانیا و فەرەنسا له‌ ریزبه‌ندی دووه‌م و سێیه‌مدان، دواتر ھەر یەك لە پۆڵاند، ھۆڵەندا، سویسرا، نەمسا، كەنەدا، چین و ئیسپانیا دێن. ئەوەش لە كاتێكدایە توركیا دەستی بەسەر گەورەترین بەشی بازاڕ و بەرھەمھێنانی بوندق گرتووە لە سەر ئاستی جیھاندا.