بەرپرسێکی ئیماراتی: باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان لە ئیسرائیل دەکەینەوە

"لە ماوەی سێ بۆ پێنج مانگی داهاتوو باڵیۆزخانەکە دەکرێتەوە"

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی دەڵێ، وڵاتەکەی لە ماوەی سێ بۆ پێنج مانگی داهاتوو، باڵیۆزخانەی لە ئیسرائیل دەکاتەوە.

رۆژنامەی ئیسرائیلی ئەمڕۆ (Israel Today)، کە بە زمانی عیبری بڵاودەبێتەوە، ئەو زانیارییەی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاشکرا کردووە، کە دەڵێ بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتە.

بەپێی رۆژنامەکە، بەرپرسە ئیماراتییەکە گوتوویەتی "پێموابێت، ئیسرائیلییەکان دەتوانن داوای ڤیزا بکەن لەو باڵیۆزخانەیەی ئیمارات، کە لە ماوەی سێ بۆ پێنج مانگی داهاتوو لە ئیسرائیل دەکرێتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو ئاشکرای کردبوو، بەرپرسانی هەردوولا بە بەشداریی بەرپرسانی ئەمەریکی، گفتوگۆیان لەبارەی کردنەوەی باڵیۆزخانە لە هەردوو وڵات کردووە.

جگە لە باڵیۆزخانەکە، بەپێی بەرپرسە ئیماراتییەکە "ئەبوزەبی لێکۆڵینەوە دەکات لەبارەی کردنەوەی کونسوڵخانەیەک لە شاری هەیفا یان نازارا (ناسرە) کە بە هاوبەشی لەگەڵ باڵیۆزخانەکەی کاربکات".

13ـی مانگی رابردوو، ئیمارات و ئیسرائیل رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەن، فەلەستین دژی ئەم هەنگاوە وەستایەوە و لە ئاستی سەرکردایەتیی و گەلەکەیەوە ئیماراتی تۆمەتبار کرد بە "خیانەت و چەقۆلێدان لە پشتی گەلی فەلەستین".

 

هـ.ر.