هەولێر بە پلازما هاوکاریی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

K24 - هەولێر

ئەو پلازمایەی لە هەولێر لە چاکبووانی کۆرۆنا وەرگیراوە، زیاترە لە پێویستیی نەخۆشانی کۆرۆنا لە شارەکە، بۆیە بانکی خوێنی هەولێر لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بانکی خوێنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستییان بە پلازما بوو، بۆیان دابین بکات.

ئەمڕۆ (شەممە، 5-9-2020) دووەمین جار، بانکی خوێنی هەولێر ئەو پلازمایەی لە چاکبووانی کۆرۆنا ی وەردەگرێت، دەبەخشێتە ئەوانەی بە سەختی تووشی کۆرۆنا بوون لە شاری دهۆک.

دکتۆر هۆشیار یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی خوێن لە هەولێر لەمبارەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەدوای ئەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زیادبوو، ئێمە لێرە پلانێکی تۆکمەمان دانا بۆ کۆکردنەوەی پلازما، چونکە ژمارەی تووشبووان لە هەولێر لە هەڵکشاندابوو، بۆیە بڕێکی زۆر پلازمامان لە چاکبووانی کۆرۆنا کۆکردەوە و، توانیمان بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی هەولێر دابینی بکەین".

سەبارەت بە شاری دهۆکیش کە پێش نزیکەی 10 رۆژ، لە هەولێرەوە 34 یەکەی پلازما بەو شارە بەخشرابوو، دکتۆر هۆشیار دەڵێ "(ئەمڕۆش) نزیکەی 40 یەکەی پلازمایان بۆ دەنێرن، بە بڕوای من زیاتر پێویستییان پێ دەبێت، چونکە ژمارەی بەخشەری پلازما لە دهۆک سنووردارە و ژمارەی سێتەکانی پلازماشیان کەمە".

رۆژانە بانکی خوێنی هەولێر، خۆی پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکات کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکات، دوای ئەوەی دەرکەوت دژەتەن لە خوێنیان دروستبووە، پلازمایان لێ وەردەگرێت.

دکتۆر هۆشیار دەڵێ "بەڕاستی وەڵامیان زۆر باشە، رۆژانە نزیکەی 30 کەس وەکو بەخشەری پلازما سەردانمان دەکەن، 15 تاوەکو 20 کەس لەو پشکنینە دەردەچن، کە دژەتەنیان پەیداکردووە و پلازماکەیان سوودی لێ دەبینرێت".

600 CCـی پلازما بە ئامێرێکی تایبەت لە هەر چاکبوویەکی کۆرۆنا وەردەگرێت، بەڵام هەر نەخۆشێک پێویستی بە 200 سیسیـە، واتا هەر چاکبوویەک، دەتوانێت یارمەتیی سێ تووشبووی سەختی کۆرۆنا بدات و بانکی خوێنی هەولێریش توانیویەتی بڕێکی باش پلازما کۆبکاتەوە و هاوکاریی شار و شارۆچکەکانی دیکەش بدات.

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر دەڵێ "نزیکەی 1000 کەس سەردانیان کردووین، بەڵام هەمووان لە پشکنینەکە دەرناچن، بۆیە سەرووی 500 کەس پلازمایان بەخشیوە، نزیکەی 1500 یەکەی پلازمامان بۆ نەخۆشەکانی هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دیکە ئامادەکردووە".

پێش هەفتەیەک 30 یەکەی پلازما لە هەولێرەوە بە رانیە بەخشراوە، دکتۆر هۆشیار دەڵێ "لە پەیوەندیداین لەگەڵ نەخۆشخانەی کۆیەش و پێمان گوتوون، هەرکاتێک پێویستیان بە پلازمابوو، لەخزمەتداین، چونکە پێویستی بۆ پلازما لە هەولێر، تاڕادەیەک کەمبووەتەوە".

لە هەولێر تائێستا 12 هەزار و 580 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەشت هەزار و 675ـیان چاکبوونەتەوە، کە بەپێی گوتەی دکتۆر هۆشیار بەشێکی زۆریان سەردانی بانکی خوێنیان کردووە بۆ بەخشینی پلازما.

هـ.ر.