"وەزارەتی دارایی عێراق هیچ گۆڕانکارییەک لە پڕۆژە بودجەی 2020 ناكات"

رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی پلاندانان پڕۆژە بودجەی ئەمساڵی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، تاوەکو یاسای وەرگرتنی قەرز دەربکرێت بە ئامانجی دابینکردنی شایستەی فەرمانبەران بۆ چەند مانگی داهاتوو.

ماهیر حەماد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەو پڕۆژە بودجەی چوارشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، هەمان ئەو پڕۆژە بودجەی پێشووە کە ئامادەکرابوو، کورتهێنانەکەی بە 80 ترلیۆن دینار دەخەملێندرێت، هەروەها کۆی بودجەکەش بە 146 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە.

لە پڕۆژە بودجەی 2020ـدا هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە، تەنانەت بەرزکردنەوەی شایستەی سەرجەم سەرمووچە و پلە بەرزکردنەوە تێیدا جێگەی کراوەتەوە.

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق روونیشی دەکاتەوە، گواستنەوەی خانەنشینی بۆ پڕۆژە بودجەی 2021 گواستراوەتەوە.